ئەحمەد هۆشیار: ئەمساڵ سێ هێڵی ئاسمانی نوێ گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکەن

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، رایدەگەیەنێت؛ ساڵی 2023 زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشتیان کردووە، گوتیشی: ئەمساڵ سێ هێڵی ئاسمانی نوێ گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکەن.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەمیانەی بەشداریکرددنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ساڵی 2023 گەورەترین فڕۆکەخانەی هەولێر گەورەترین ئاماری تۆمارکرد، کە 2 ملیۆن و 84 هەزار و 813 گەشتیار لە رێگەی فڕۆکەخانەکەوە گەشتیان کردووە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هەروەها راشیگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر زیاتر بۆ تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوایە، لە وەزری هاویندا رۆژانە 11 گەشتی راستەوخۆی نێوان هەولێر – ئەنقەرە، هەولێر- ئەستەنبوڵ، هەولێر- ئەنتاڵیا هەیە، هەروەها بۆ وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر گەشتەکان بۆ وڵاتی ئەڵمانیایە.
ئەحمەد هۆشیار، دەڵێت: پێشبینی دەکەن لە ساڵی 2024 گەشتەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە زیاتر بێت سەرەڕای هەبوونی هەڕشەکان لەسەر فڕۆکەخانەکە، هەروەها توانراوە گەشتیارەکان و کارمەندانی هێڵە ئاسامنییەکان بپارێزرێن.
گوتیشی: "لە ساڵی 2023 هاتنی گەشتیاران لە رێگەی فڕۆکەخانەوە بۆ هەولێر 15% زیادیکردووە، هەروەها لە مانگی 12ـی ساڵی 2023 لە هەموو مانگەکان زیاتر گەشتیارمان هەبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانە لە ئاستێکی باش دایە".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەبارەی پلانیان بۆ ساڵی 2024، ئاماژەی بەوەدا، ئەمساڵ وا بڕیارە لە رێگەی هێڵی ئاسمانی ئیمارات ئێرلاین، گەشتی نێوان هەولێر بۆ دووبەی دەستپێبکات، هەروەها هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هێڵی ئاسمانی زیاتر وەربگرێت.
باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکەن بۆ ئەمساڵ سێ هێڵی ئاسمانی نوێ گەشتەکانیان راستەوخۆ لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەوڵیر دەستپێدەکەن.
ئەحمەد هۆشیار، لەبارەی گواستنەوەی کەلوپەل لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، گوتی: بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی لە ساڵەکانی 2020 تاوەکو 2022 کارگۆی فڕۆکەخانەی هەولێر یەکەم بووە لەسەر ئاستی عێراق بەراورد بە هەر چوار کارگۆی فڕۆکەخانەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.
سەرنجی خستەسەر ئەوەش، مانگانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن کەلوپەلی بازرگانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەگوازرێنەوە و پێشبینیش دەکرێت بگاتە دوو هەزار و 500 تۆن.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کارگۆی نوێی فڕۆکەخانەی هەولێر لە ئێستادا رێژەی 60%ـی کارەکانی تەواو بووە، لە مانگەکانی داهاتوو سەرجەم کارەکانی تەواو دەکرێن و بە رووی بازرگانان دەکرێتەوە.
دەشڵێت: کۆمپانیا گەورەکانی جیهان فڕۆکەخانەی هەولێر وەک کارگۆی سەرەکی لە عێراق بەکاردەهێنن.