ساڵی 2023 هیچ گرفتێک لە بەشەخۆراکی پارێزگای دهۆک نەبووە

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی دهۆک رایگەیاند، پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدان بووە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران، هەروەها گرنگی پێدانی کارگەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8-1-2024، شەریف فەتاح، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی دهۆک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەشە خۆراکی هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی، هەر گرفتێک هەبووبێت چارەسەرکراوە و هیچ گرفتێک لە بەشەخۆارکدا نەبووە لە ساڵی 2023دا هەمووی بە شێوەیەکی رێک و پێک دابەشکراوە".
باسی لەوەشکرد، دەبێت بەرهەمی خۆماڵی بۆ هەناردەکردن رێکبخرێت، دواتر هەناردەی بازاڕی دەرەوەی وڵات بکرێت، لە هەمانکاتدا بەرهەمی جووتیارانی دهۆک بەدەیان تۆن بووە لە "پەتاتە، سماق، مازی و برنجی کوردی"، کە هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.
گوتیشی: بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە، پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، کە بەرهەمەکانی جووتیاران بۆ وڵاتە جیا جیاکانی دەرەوە هەناردە کراون، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ گەشەسەندنی ئابووری هەرێمی کوردستان، فراوانکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ هەرێمی کوردستان.
ئا: لاڤین عومەر