نیاز نەقشبەندی: 65 هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستان لە 2023 چوونەتە سعوودیە
K24 – هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت؛ داوایان لە سعوودییە کردووە بە زمانی کوردی رێنوێنی پێشکەشی حاجیان و عومرەکارانی کورد بکرێت، هاوکات وەزیری حەجی سعوودیە داواکارییەکەی بە هەند وەرگرت و بڕیاریدا کاری جیددی بکات بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی.
ئەمڕۆ سێشەممە (9ـی کانوونی دووەمی 2024) نیاز راغب نەقشبەندی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لەلایەن دەستەی فەرمی حەج و عومرەی عێراقی بانگهێشکران بۆ وڵاتی سعوودیە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرە و پێشانگای حەج و عومرە لە جەددە، کە تیایدا سەرجەم سەرۆك و نێردەی حەج و وەزیرانی پەیوەست بەو بوارە بەشداریان کرد.
به‌رێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، دەڵێت: "لە کۆنگرە و پێشانگەکە نوێنەرانی وڵاتان تیایدا بەرنامە و بیرۆکەی خۆیان لەسەر حەج و عومرە خستەڕوو، هاوکات زۆر بە راشکاوی داواکاری گەلی کوردمان لە کۆنگرەکەدا گەیاندە وەزیری حەج و سەرۆکی دەستەی حەجی سعوودیە، داوامانکرد لەمیانی بەڕێوەچوونی حەج و عومرە بە زمانی کوردی رێنوێنی پێشکەش بە حاجیان و عومرەکارانی کورد بکرێت".
ناوبراو باسی لەوەشکرد، وەزیری حەجی سعوودیە بە خۆشحاڵییەوە داواکارییەکەی قبوڵکرد و بە هەند وەریگرت، هاوکات بڕیاریدا کاری جیددی بکات لەپێناو جێبەجێکردنی.
نیاز راغب نەقشبەندی، ئاماژەی بەوەدا، ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان 65 هەزار عومرەکار سەردانی سعوودیەیان کردووە.
رۆژی دووشەممە (8ـی کانوونی دووەمی 2024) بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە یاوەری 50 کۆمپانیای حەج و عومرەی هەرێم بەشداریان لە گەورەترین کۆنگرە و پێشانگای نێودەوڵەتی حەج و عومرە لە شاری جەددەی سعوودیە کرد.
ئه‌و كۆنگره و پێشانگایه ئەمڕۆ له جه‌دده بەڕێوەچوو و بڕیاره ماوه‌ی چوار رۆژ به‌رده‌وام بێت، کە تێیدا چه‌ندین خول و ۆرك شۆپ بۆ شانده‌كانی جیهان به‌رێوه‌ده‌چن كه له‌و شاندانهشدا شاندی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی كارای ده‌بێت بۆ سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموون و رێككاره نوێیه‌كان و به دیجتاڵكردنی سیستمی حه‌ج و عومره له داهاتوودا.