ئاكرێ و چوارقوڕنە پێش ئەم یارییە تووشی كێشە بوون

هەژار سابیر راهێنەری ئاكرێ و رەمزی ساڵح راهێنەری نوێی چوارقوڕنە
هەژار سابیر راهێنەری ئاكرێ و رەمزی ساڵح راهێنەری نوێی چوارقوڕنە

لە یاریی لوتكەی گەڕی پازدەیەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان یانەی ئاكرێ لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی چوارقوڕنە دەكات، ئاكرێ بۆ ئەم یارییە 4 یاریزانی لەدەستداوە، چوارقورنەش لە 2 یاریزانی كاریگەری بێبەش دەبێت.
پاشنیوەڕۆی سبەی چوارشەممە لە كاتژمێر 02:00 بە كاتی هەولێر، یانەكانی ئاكرێ و چوارقوڕنە بۆ یەكەمینجار لە مێژووی خۆیاندا لە خولی نایابی كوردستان رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ئاكرێ بە بردنەوە لەم یارییە بەبێ ئاوڕدانەوە لە یارییەكانی دیكە لە پێشەنگی خولی نایابی كوردستان دەمێنێتەوە، هەرچی یانەی چوارقوڕنەشە تەنیا 3 خاڵی یارییەكە هیوای گەیشتنی بۆ لوتكەی خولەكە مسۆگەر دەكات.
ئاكرێ بۆ ئەم یارییە بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتەكانی، عەباس یابری گۆڵپارێزی سەرەكی یانەكەی لەدەستداوە، بەڵام بەشێوەیەكی كاتی ئەحمەد بەشاری گۆڵپارێزی یانەی دهۆكی گواستووەتەوە و كێشەی گۆڵپارێزی چارەسەر كردووە، بەڵام ئاكرێ كێشەی دیكەی لە هێڵەكانی دیكە بۆ دروست بووە و 3 یاریزانی دیكەی كاریگەری لەدەست داوە، لە هێڵی پێشەوە سانی سەلام ئەستێرەی یانەی ئاكرێ بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتەكانەوە راگیراوە، لە هێڵی بەرگریش ئاكرێ 2 یاریزانی دیكەی لەدەستداوە كە پێكهاتوون لە جابر رازی و عەلی فایەق.
یانەی چوارقوڕنەش بە راهێنەرێكی نوێ كە رەمزی ساڵحە ئامادەكاری كردووە، بەڵام نەیتوانیوە بە تەواوەتی یاریزانەكان بۆ رووبەڕبوونەوەی ئاكرێ گەشتی بادینان بكات، یانە سەوزپۆشەكەی راپەرین بۆ ئەم یارییە دوو یاریزانی لەدەستداوە، گەیلان بوڕهان بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتەكانەوە راگیراوە، عومەر محەمەدی هێرشبەری یانەكەش بەهۆی پێكانەوە بۆ ئەم یارییە دوورخراوەتەوە.
یانەی ئاكرێ لەژێر سەرپەرشتی هەژار سابیر بە كۆكردنەوەی 26 خاڵ لوتكەی خولی نایابی گرتووە، لە بەرامبەردا چوارقوڕنە بە 24 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی خولەكە دێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، سبەی 3 كاتژمێر پێش دەستپێكی یارییەكە، سەرپەرشتیاران و ناوبژیوانانی یارییەكە سەردانی یاریگەی ئاكرێ دەكەن، لە ئەگەری نالەباری كەشوهەوای سبەی لە ئاكرێ، یارییەكە بۆ سەر یاریگەی سێیەمی دهۆك دەگوازرێتەوە.

یاریی ئاكرێ و چوارقوڕنە بە كۆمێنتاری هەرێم قەرەناوی لە سۆشیاڵ میدیای كوردستان24 دەگوازرێتەوە
یاریی ئاكرێ و چوارقوڕنە بە كۆمێنتاری هەرێم قەرەناوی لە سۆشیاڵ میدیای كوردستان24 دەگوازرێتەوە

 

Fly Erbil Advertisment