نرخی سووتەمەنی لە کوبا پێنج هێندە بەرزدەکرێتەوە

وێستگەیەکی بەنزین لە کوبا (وێنە: AFP)
وێستگەیەکی بەنزین لە کوبا (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

حکومەتی کوبا بڕیاریدا نرخی بەنزین و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی لەو وڵاتە پێنج هێندە زیاد بکات. وەزیری دارایی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "بڕیارەکە ئابووریمان دەبووژێنێتەوە".

ساڵانێکە کوبا بەدەست قەیرانی ئابووری و کورتهێنانەی بودجەوە دەناڵێنێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە؛ حکومەت بڕیاریدا نرخی بەنزین، گازوایل و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی بەرزبکاتەوە.

بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی کوبا، لە مانگی شوباتی داهاتووەوە؛ نرخی هەر لیترێک بەنزین لە 25 پێسۆ (0.2 دۆلارەوە) بۆ 132 پێسۆ بەرزدەبێتەوە؛ واتا پێنج هێندە گرانتر دەبێت.

بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی کوبا هێندەی تر بار و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە خراپتر دەکات و ئەوانی نیگەران کردووە؛ چونکە پێشتریش نیگەرانی خۆیان لە بەرزبوونەوەی نرخی پێدوایستییەکانی دیکەی رۆژانە دەربڕیوە.

ڤلادیمێر رێگوێرۆ، وەزیری دارایی کوبا بە تەلەڤزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیارەکە لەسەر هەموو جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی لەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێت، واتا نرخی ئەوانیش پێنج هێندە زیاد دەکرێت.

رێگوێرۆ ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت 29 وێستگەی نوێی بەنزین دەکاتەوە کە تەنها بە دۆلار مامەڵە دەکەن، ئەمەش وەکو خۆی گوتی، بە مەبەستی کۆکردنەوەی دراوی بیانی و کڕینی سووتەمەنییە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.

بە گوتەی وەزیری دارایی کوبا؛ بێجگە لە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی، نرخی کارەبای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیش لەو وڵاتە سەدا 25 بەرزدەکرێتەوە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوانەی حکومەت، ئابووری ئەو وڵاتە "دەبووژێنێتەوە".

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا؛ ئابووریی کوبا رۆژ بە رۆژ لاوازتر بووە.