پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی: خەریکە نیو ملیۆن هاووڵاتیی غەززە لە برسییەتیدا دەمرن
K24 - هەولێر
ژیان لە کەرتی غەززە هێندە سەخت بووە، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس خەریکە لە برسییەتیدا دەمرن. رێکخراوی خۆراکی جیهانیش دەڵێت، خەڵک بۆ بەدەستهێنانی پاروویەک نان، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی غەززە، دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسە. لەو ژمارەیە زیاتر لە 500 هەزار کەس رووبەڕووی برسییەتییەکی سەخت بوونەتەوە. واتە لە هەر چوار کەسێک، کەسێک نانی رۆژانەی نییە بخوات و برسییەتی بەرۆکی گرتووە.
زیاتر لە سێ مانگە شەڕ بەردەوامە، لەم ماوەیەشدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 لەسەدی ژێرخانی غەززە وێران بووە، خەڵک زۆر بە قورسی ژیان بەڕێ دەکەن.
رێکخراوی خۆراکی جیهانیش ئاشکرای کردووە، ئەو ژمارانە سات بە سات لە هەڵکشاندان، تاوەکو ئێستاش خۆراکیان گەیاندووەتە زیاتر لە 799 هەزار کەس لە غەززە، تێکڕای ئەو هاوکارییانەی لە دەستپێکی شەڕەوە چوونەتە غەززە، زیاتر لە 100 بارهەڵگربوون، ئەو رێژەیەش زۆر کەمە، غەززە رۆژانە پێویستی بە 100 بارهەڵگر هاوکارییە.
بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکانی ئیسرائیلیش بەردەوام خەڵکی غەززە ئاوارە دەبن، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 900 هەزار کەس ئاوارە بوون، واتە نزیکەی 85 لەسەدی تێکڕای دانیشتووانی غەززە. لەگەڵ بەردەامی شەڕیش سات بە سات ژمارەکان زیاد دەبن، هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ نییە.