مریشک هەناردەی دەرەوە دەکرێت
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵان لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەم نزیکانە بەرهەمی مریشکی خۆماڵی بە شێوەیەکی دروست لە ناوخۆ و دەرەوە ساغ دەکەینەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2024، فیراز سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هەندێک کاتدا نرخەکان دابەزیوە بەهۆی هاتنە ژوورەوەی پەلەوەر، زۆرجار کێشەکان لەلایەنی هەرێمی کوردستانەوە نەبوون، زۆربەی کاتەکان حکومەتی عێراق بەربەستەکان بۆ کێلگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی ناڕەزایەتی لە بازاڕدا لێبکەوێتەوە.
گوتیشی: "کاتێک ئێمە باسی کێڵگەی پەلەوەری دەکەین کارگەی ئالیکمان هەیە، سەربڕخانەمان هەیە، پڕۆژەی دایکانەمان هەیە، پڕۆژەی نەژاد، لەگەڵ پڕۆژەی هێلکەی خواردن، ئەمانە بەپێی وەرزەکان و بارودۆخ هەندێکجار بەهۆکاری دروستکردنی کیشەکان لەلایەن بەغداوە، وای لێدێت ئەم بەرهەمانە لەناوخۆدا پەنگ بخواتە و نرخی بەربوومە کشتوکاڵییەکان بێتە خوارەوە.
بەڕێوەبەرەکەی سامانی ئاژەڵان، باسی لەوەکرد، "گەر بێت و ئێمە باس لە نرخی هێلکە بکەین لە هاویندا نرخی دێتە خوارەوە، نرخی کارتۆنێک هێلکە لەسەر خاوەن کێڵگەکانی ئێمە بە نرخی 50 هەزار دەوەستێت، نرخی هێلکە بوو بە 45 هەزار دینار، بەڵام ئێستا نرخی کارتۆنێک هێلکە بووە بە 60 هەزار دینار، لەبەر ئەوەی وەرزی زستانە خواست لەسەر ئەو بەرهەمە زۆر دەبێت، بۆیە ئێستا قەرەبووی نرخی هێلکەی هاوین دەکرێتەوە".
راشیگەیاند: "ئێمە وەکو وەزارەت لە هەوڵی بەردەوامداین و لە بەرنامەماندا هەیە، بەمنزیکانە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ ئەو وەزارەتانەی کە چێشتخانەیان هەیە، هەروەها نەخۆشخانەکان و زیندانییەکان، ئەوانە مریشکی خۆماڵی وەرگرن، بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمی خۆماڵی بەشێوەیەکی دروست ساغ بکەینەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵێکی دیکە هەیە، کە مریشک و هێلکەی خۆمان هەناردەی دەرەوەبکەین، چونکە بازاڕی عێراق بۆ ئێمە بازاڕێکی جێگیر نییە، ئەو بەرهەمەی کە زیادەیە لە بەرهەمی ناوخۆ نیازمان وایە و هەنگاویشمان ناوە بۆی کە بازاڕی لە کەنداو بۆ بدۆزینەوە و هەناردەی دەرەوەی بکەین.
گوتیشی، ئێمە ساڵانە 147 هەزارتۆن مریشکمان پێویستە ، بەڵام دەتوانین ساڵانە 285 هەزار تۆن بەرهەم بهێنین، دەتوانین بڵێین 50% بەرهەمەکەمان زیادەیە.
لاڤین عومەر