هادی سەلامی: بۆ بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە دەدەین

هادی سەلامی، پەلەمانتارێکی سەربەخۆ
هادی سەلامی، پەلەمانتارێکی سەربەخۆ

K24 – بەغدا:

لە ماوەی ھەفتەیەكدا بۆ جاری دووەم شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 هەردوولایان رێكکەوتنیان کردووە لە سەر دوو پرسی گرنگ؛ یەکەمیان هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی 2024 و دووەمیان رێکكەوتوون کە بە گوێرەی یاسای کارگێڕی دارایی ساڵی 2019 مامەڵە لەگەڵ داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بکەن.

گفتوگۆ و داووستانەکانی ھەولێر و بەغدا بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی شایستەداراییەکان و زامنکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی یاسایی بودجەی گشتی عێڕاقی فیدراڵ، رێککەوتن لەسەر داواکاری سەرەکی هەرێمی کوردستان ئەویش هەمواکردنەوەی یاسایی بودجەیە تاوەکو مووچە لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت: پرسی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستانە کە لە یاسایی بوودجە 6 دۆلار بۆهەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بەهۆی سەختی جوگرافیای ناوچەکانی هەرێمی كوردستان کۆمپانیا نەوتییەکان لە سەروەی 30 دۆلاریان دەوێت، بۆ ئەمەش لەیەکگەیشتن و نزیک بوونەوە لە نێوان هەردوو حکومەت هەیە.

رێککەوتنێکی دیکە لە نێوان هەردوو حکومەتدا کراوە ئەویش پرسی داهاتە فیدراڵی، نانەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانە کە بە گوێرەی یاسایی کارگێڕی دارایی ساڵی 2019 مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، سەرجەم داهاتەکان رادەستی حکومەتی عێراقی بکرێت و ئەوانیش 50% بگەڕێننەوە.

لەلایەن خۆیەوە هادی سەلامی، پەلەمانتارێکی سەربەخۆ، بە کوردستان24ـی گوت: "لە پێناو ئارمی عێراق و بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنگ بە هەمواری یاسایی بوودجە دەدەین".