دەستەی وەبەرهێنان: بۆ وەرگرتنەوەی قیستی مانگەنە بە دینار، چاوەڕێی بەغدا دەکەین

K24 - هەولیر
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری وەرگرتنەوەی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون، چاوەڕین بەغدا بڕياربدات کە پەیوەستە بە ناجێگیری بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "وەک دەستەی وەبەرهێنان چاوەڕێی دوایین بڕیاری بەغداین، بۆ مامەڵەکردنی دینار، بۆ ئەوەی ئێمەش لای خۆمانەوە بڕیاری لەسەر بدەین، ئەو بابەتانەی کە پەیوەستە بە مامەڵە کردن بە دینار لە جیاتی دۆلار، هەرکاتێک بڕیاری کۆتایی لەبارەوە درا، ئێمە وەکو دەستەی وەبەرهێنان کاری پێدەکەین".
گوتیشی: "تەنیا کەنگەشە لەسەر ئەو بابەتە کراوە و گفتوگۆ هەبووە، وەبەرەهێنەکانیش پێشوازییان کردووە لەو بڕیارە، ماوەتەوە لەسەر ناوەڕۆکێک رێکبکەوین کە بەهۆی ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەبێ نرخێک دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی هەردوولا وەبەرهێنەران و هاووڵاتییان زیانمەند نەبن، هەروەها نەببێتە بارگرانی لەسەر ئەو هاووڵاتییانەی قستی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیان لەسەرە".
ئا: لاڤین عومەر