هاووڵاتییان دڵخۆشن بە جێبەجێکردنی بڕیاری هه‌رزانكردنی نان و سه‌موون

حکومەت پشتیوانی له‌ نانەواخانە و سەموونخانەكان ده‌كات

K24 - هەولێر

بڕیاری ھەرزانكردنی نان و سەموون جێبەجێكرا و ھاووڵاتی و خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەكانیش پێشوازی لێدەكەن، ئێستا 10 نان و سەموون بە ھەزار دینار دەفرۆشرێت، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ئارد و گاز و كەمكردنەوەی كرێی كارەبا پشتیوانی خاوەن فڕن و نانەواخانەكان دەكات.

حکومەت، لە بەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیاری هەرزانکردنی نان و سەمون، وەک پاڵپشتی لیترغازی شل بە 300 دینار بە خاوەن سەمونخانە و نانەواخانەکان دەدات، کە پێشتر یەک لیتر بە 600 دینار بووە، لەگەڵ لێخۆشبوون لە  کرێی کارەبا بە رێژەی سەدا 50.

فارووق محەممەد، لە یەکێک لە سەمونخانەکانی هەولێر کاردەکات، بە کوردستان24ی گوت: "مادام حکومەت پاڵپشتیمان دەکات ئەگەر نرخی نان و سەمون زیاتریش هەرزان بێت ئاساییە، گرنگ ئەوەیە کە ئێمە وەک کاسبکار زەرەرمەند نەبین".

نانەوایەک لە یەکێک لە نانەواخانەکانی هەولێر بەناوی محەممەد نەجم، دەڵێت: "ئەو بڕیارەی حکومەت بڕیارێکی باشە کە 10 نان بە هەزار دینار بفرۆشین، داواکاری ئێمە تەنیا ئەوەیە غاز و نەوتمان بۆ دابین بکات بە نرخی هەرزان".

جگە لە غاز ئاردیش کە هەر فەردەیەکی بە 34 هەزار دینار دەکڕن حکومەت بە 29 هەزار دینار دەیدات بە نانەواخانەکان، لیژنەکانی قایمقامیەتیش چاودێری بازرگانی بازاڕ چاودێری کوالێتی ئاردەکە دەکەن.

مزەفەر مستەفا، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە لەبارەی بڕیاری حکومەت بۆ دابەزاندنی نرخی نان و سەمون دەڵێت: "پێشتر 8 سەمۆن بە هەزار دینار بوو، ئێستا 10 سەمۆن بە هەزار دینارە، ئەو بڕیارە بۆ خەڵک زۆر باش بوو، کە هاووڵاتییان و کاسبکاران لێی سوودمەند دەبن".

Fly Erbil Advertisment