قۆناغی دووەمی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەستیپێکرد

دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 – زاخۆ

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2024، قۆناغی دووەمی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستیپێکرد.

ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24، لە زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان کرا، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی کە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پلەی گەرما دابەزیوە.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناحیەی بێگۆڤا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم نەوتمان وەرگرت، کە هێشتا ئەو بڕە نەوتەی جاری یەکەم وەرمانگرتووە تەواو نەبووە، بەمەش دەتوانین وەرزی سەرما و سۆڵ بەڕێ بکەین".

سەگڤان سەبری، بەڕێوبەری ناحیەی بێگۆڤا بە کوردستان24ی راگەیاند: "خەڵک دڵخۆشە بە وەرگرتنی قۆناغی دووەمی نەوت، لە ماوەی هەفتەیەکدا پرۆسەی دابەشکردنی قۆناغی دووەمی نەوتی سپی لە سنوورەکەمان کۆتایی پێدێت".

Fly Erbil Advertisment