کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی حەلبووسی دەستیپێکرد

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق - 13/1/2024
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق - 13/1/2024

K24 - بەغدا:

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەستیپێکرد.

بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، وابڕیاربوو کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بەڵام بەهۆی بەردەوامی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان و تەواونەکردنی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، کۆبوونەوەکە نزیکی دوو کاتژمێر دواکەوت.

فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق بە ئامادەبوونی 260 پەرلەمانتار دەستیپێکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە، یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی 168 پەرلەمانتارە.

هەروەها ناوی چەند كاندیدێكی سووننە بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ شەعلان کەریم، کاندیدی حزبی تەقەدووم، سالم عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سیادە، مەحموود مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی عەزم. بەگوێرەی زانیارییەکان سووننەکان لەسەر هیچ کام لەو کاندیدانە کۆدەنگ نین، بۆیە پێده‌چێت بە دەنگی په‌رله‌مانتاران یەکلایی بكرێته‌وه‌ کێ ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق پێنج پەرلەمانتار خۆیان کاندید کردووە، ئەوانیش بریتین لە سالم عیساوی، مەحموود مەشهەدانی، تەڵاڵ زەوبەعی، شەعلان کەریم و عامر عەبدولجەبار. هەرچەندە چوار پەرلەمنتاری شیعە و دوو پەرلەمنتاری پێکهاتەکانیش خۆیان کاندید کردبوو، بەڵام لەسەر داوای موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، داوایکرد لەبەرئەوەی پۆستە لە پشکی پێکهاتەی سووننەیە بۆیە تەنیا پەرلەمانتارانی سووننە خۆیان کاندید بکەن، ئەو شەش پەرلەمانتارەی دیکە کشانەوە.

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا. لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نیشاندا و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

Fly Erbil Advertisment