ئانچیلۆتی دەیەوێت لە كلاسیكۆ ریكۆردی بارسێلۆنا یەكسان بكاتەوە

ریاڵ مەدرید دوای بردنەوە گەورەکەی بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید، لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، ئەمجارەیان لە یاریی کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی سێزدەیەمینی جامەکە لە یاریگای ئەوەل پارک لە شاری ریازی سعوودیە لە یاریی كلاسیكۆ رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، یارییەكەش سبەی یەكشەممە لە كاتژمێر 10:00ـی شەو بەڕێوە دەچێت.
ریاڵ مەدرید لە دوای بارسێلۆنا خاوەنی زۆرترین ناسناوی جامی سوپەری ئیسپانیایە، ئەو یانەیە لە مێژوودا 12 جار بووەتە پاڵەوانی جامی سوپەر و دوایینجاریش ساڵی 2021 توانی ئەو ناسناوە بباتەوە، بەڵام ساڵی رابردوو سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی ناسناوەکە.
ریاڵ مەدرید بۆ ئەم یارییە چاوەڕێ دەکرێت بە هەمان پێکهاتەی یاریی رابردوو بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید بەشداریی بکات، گومانێک هەبوو کارڤاخال بەشداری یارییەکە نەکات، بەڵام ئەو یاریزانە هیچ کێشەیەکی نیە و بۆ ئەم یارییە بەردەست دەبێت.
پێش یارییەکە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانە شاهانەکە باسی لە چەندین بابەتی جیاواز لەسەر یارییەکە کرد و گوتی: بۆ ئەوان گرنگ نیە چۆن یاریی دەکەن، ئەوەی گرنگ بێت ئەوەیە ناسناوەکە بەدەست بێنن.
ئانچیلۆتی گوتیشی: یاریزانەكانم وردە وردە دەگەڕێنەوە، تیپەكەم بەرەو باشبوون رۆیشتووە، ئێستا نزیكین لە نازناوەكە و دەمانەوێت ببینە پاڵەوان، چونكە ئەم نازناوە بۆ ئێمە زۆر گرینگە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین.
ئانچیلۆتی ڕەتی كردەوە باس لە گۆڵپارێزی سەرەكی یانەكەی بكات، دەشڵێت: هیچ زانیارییەك لەبارەی گۆڵپارێزی سەرەكی نادركێنم، هەروەها فێرلاندی مێندی لەڕووی بەرگرییەوە باشترینە، بەڵام دەكرێت لەڕووی هێرشبەرییەوە باشتر بێت، لەو یارییەش پێویست بە گۆڕانكاریی خێرا ناكات.
ریاڵ مەدرید لە دوو ساڵی رابردوو هەردوو جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، ساڵی 2021 توانی لە بلباو بباتەوە و بووە پاڵەوان، بەڵام ساڵی رابردوو بەرامبەر بارسێلۆنا دۆرا و ناسناوەکەی لەدەستدا و نەبووە پاڵەوان.
ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا پێشتر هەشتجار لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا یارییان بەرامبەر یەكتر کردووە، لەو هەشت یارییەش ریاڵ مەدرید باڵادەست بووە و شەشجار لە بارسێلۆنایان بردووەتەوە و بونەتە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا.