چاڤی لە ئانچیلۆتی دەترسێت

چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا

بارسێلۆنا پاڵەوانی ساڵی رابردووی جامی سوپەری ئیسپانیا، لە پێناو بەدەستهێنانی دووەم ناسناوی لەسەر یەکی جامەکە، بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک سبەی یەكشەممە لە كاتژمێر 10:00ـی شەو بارسێلۆنا لە شاری ریازی سعوودیە رووبەڕووی ریاڵ مەدریدی رکابەری مێژوویی دەبێتەوە.
بلاوگرانا لە مێژوودا زۆرترین ناسناوی جامی سوپەری ئیسپانیای بردووەتەوە، ئەو یانەیە خاوەنی 14 ناسناوە و لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو دوو ناسناویان بەدەستهێناوە. یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیە هەموو ئامانجیەتی بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک ناسناوەکە بباتەوە.
بارسا لەوەتە ساڵی 2011 نەیتوانیوە پارێزگاری لە ناسناوەکەی بکات، واتە دووجار لەسەر یەک ببێتە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا، ئەو یانەیە ئەوکاتە سێجار لەسەر یەک بووە پاڵەوان، هەروەها پێشتریش دووجاری دیکە لەسەر یەک، پارێزگاری لە ناسناوەکەی کردووە.
چاڤی: ناوێرم لە ترس ئانچیلۆتی زانیاریی بدەم
پێش یارییەکە چاڤی هێرناندیز راهێنەری بارسێلۆنا، باسی لە قورسی یارییەکە کرد و لە هەمان کاتیشدا رەتیکردەوە باس لەوە بکات، ئایا بۆ ئەم یارییە لە کام پۆست یاریی بە رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکار دەکات.
لەمبارەیەوە چاڤی هێرناندێز رایگەیاند هێشتا بەشداریكردنی پێدری یەكلایی نەبووەتەوە، دەشڵێت: لەبارەی ئاراوخۆ ناتوانم هیچ زانیارییەك بدەم چونكە سوودی بۆ ئانچیلۆتی دەبێت.
چاڤی گوتیشی: ئێمە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی سووپەر یاریی دەكەین، ئەم وەرزە بەرامبەر ئاتڵێتیكۆ، سێڤییا و ریال مەدرید باش یاریمان كردووە، ئەگەر تووشی شكستیش بووبین بەڵام هێشتا ئێمە باشبووینەوە و شایستەی زیار بووین.
چاڤی جەختی لەوەش كردەوە ئانچیلۆتی یەكێكە لە باشترین راهێنەرەكانی جیهان و لە هەر شوێنێك راهێنەرایەتی كردبێت براوە بووە و كەسێكی باشە و رێزێكی تایبەتی هەیە.
چاڤی هێمای بۆ ئەوەش كرد هەركاتێك بارسێلۆنا بەهێز بووبێت، ریال مەدریدیش بەهێزبووە، دەشڵێت: هەركاتێك پێویست بووبێت نازناوێك ببەینەوە پێویست بووە ریال مەدرید تێپەڕێنین.
چاڤی گوتیشی: ریال مەدرید یاریزانی زۆرباشی وەكو ڤینسیۆس، بێلینگهام، چوامینی، مۆدریچ و رۆدریگۆ هەیە، بەڵام ئێمە بە تەنیا بیر لە یەك یاریزان ناكەینەوە.

بارسێلۆنا ئامارێكی خراپی هەیە
بارسێلۆنا ئامارێکی خراپی بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا هەیە، ئەو یانەیە لە مێژوودا هەشتجار لە یاریی کۆتایی رووبەڕووی یانە شاهانەکە بووەتەوە، تەنها دووجار براوە بووە، دوایینجاریش ساڵی رابردوو بووە.
چاڤی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا لە هەشت یاریی کلاسیکۆ راهێنەرایەتی یانەکەی کردووە، لەو هەشت یارییەش چوار یاریی براوە بووە و لە چوار یاریش دۆڕاوە، هەروەها لە 5 یاریی رابردووی نێوان هەردوو یانە، بلاوگرانا لە سێ یاریی براوە بووە و لە دوو یاریش دۆڕاوە.

Fly Erbil Advertisment