روسیا: بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بەرێژەی لەسەدا 16 زیادی کردووە
K24 - هەولێر
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا "دێنیس مانتورۆڤ" رایگەیاند، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و پاس لە رووسیا لە ساڵی 2023دا بە رێژەی 16% زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 720 هەزار ئۆتۆمبێل.
دێنیس مانتورۆڤ کە پۆستی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی هەیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی رووسیا گوتی: "لە ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنان بە رێژەی لە 16% زیادی کردووە، کە زیاتر لە 720 هەزار ئۆتۆمبێل بووە بە هەموو جۆرەکانییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، فرۆشی ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی رووسیا لەساڵی رابردوو گەیشتووەتە 1.3 ملیۆن یەکە، دەشڵێت: بازاڕی ناوخۆی رووسیا بە رێژەی لە 50% گەشەی کردووە.
دوو رۆژ لەمەوبەر، کۆمپانیای "ئاڤتۆڤاز"ـی رووسی، خاوەنی براندی "لادا" رایگەیاند، فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی لە ساڵی 2023 دا دوو هێندە زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی 2022.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی 2023دا، 352 هەزار و 572 ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە و بە رێژەی 100% زیادی کردووە.
