سامانە سرووشتییەکان: نزیکەی 225 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان بەسەر هاووڵاتییان دابەشکردووە
K24-هەولێر:
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا، وەزارەتەکە ئاشکرای دەکات، تا ئێستا نزیکەی 225 ملیۆن لیتر نەوتی سپیان بەسەر هاووڵاتیان دابەشکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە(15ی کانوونی دووەمی 2024)، وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، تا ئێستا 225 ملیۆن لیتر نەوتی سپیان بەسەر هاووڵاتییان دابەشکردووە، بە شێوەیەک لە هەولێر زیاتر لە 96 ملیۆن لیتر و، لە سلێمانی و هەڵەبجە، نزیکەی 103 ملیۆن لیتر و، لە دهۆک زیاتر لە 56 ملیۆن لیتر نەوتی سپیان بەسەر هاووڵاتیان دابەشکردووە، بەوەش تا ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 120 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەند بوونە، کە دەکاتە رێژەی نزیکەی (87%)ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێم.
بەپێی ئەو رێژەیەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 99% ی خێزانەکانی هەولێر نەوتیان وەرگرتووە، لە سلێمانی و هەڵەبجەش نزیکەی 78% ی کۆی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە، نزیکەی 84% ی دانیشتوانی دهۆکیش لە نەوتی سپی سوودمەند بوونە.
لەبارەی دابەشکردنی بەنزینیش، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 368 ملیۆن لیتر بەنزینی نۆرماڵیان لە هەردوو پاڵاوتگەی لاناز و کار دابین کردووە، بەشێوەیەک لە هەولێر 684 هەزار لیتر و، لە سلێمانی 324 هەزار لیترو، لە دهۆک 360 هەزار لیتر بەنزین دابەشکراوە.