تێچووی خەرجی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلارە

K24 - هەولێر
کۆڕبەندی ئابووری جیهان وەکو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە نییە، ساڵانە دەیان سەرۆک وڵات و حکومەت و سەدان سەرمایەداری جیهان و نوێنەرانی کۆمەڵگە مەدەنییەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر رێوشوێنی توندی ئەمنی لەسەر چیاکانی ئالپ کۆدەبنەوە. کە کۆڕبەندەکە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و لە کانوونی دووەمی هەموو ساڵێکدا بەرێوەدەچێت.
دامەزراوەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کە لەلایەن ئابووریناسی ئەڵمانی کلاوس شواب لە ساڵی 1974 دامەزراوە، ساڵانە بانگهێشتی بەشداربووان دەکات و باری ئاسایش، رێکخستن لەگەڵ حکومەتە فیدراڵی و ناوخۆییەکانی سویسرا هاوبەش دەکات.
حکومەتی سویسرا تێچووی دابینکردنی کۆبوونەوەی ساڵانەی داڤۆس بۆ ئەمساڵی 2024 بە نۆ ملیۆن فرانکی سویسریی دەخەملێنێت، کە هاوتایە بە زیاتر لە 10.5 ملیۆن دۆلار، تێچووی بڵاوکردنەوەی هێزە چەکدارەکان دەکەوێتە نێو بودجەی ساڵانەی حکومەت کە لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2024 دیاریکراوە، کە دەگاتە 32 ملیۆن فرانکی سویسری، کە هاوتایە بە 37.5 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
سەرەڕای ئەمەش، شارۆچکەکە کە بە گەشتیاری زستانە ناسراوە، دەرگاکانی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ گەشتیاران، بەڵام زۆربەی گەشتیاران پێیان باشترە لە ماوەی کۆڕبەندەکەدا خۆیان بەدووربگرن بەهۆی ئاستەنگی ڕێوشوێنەکانی ئاسایش، کە چەند جارێک بەرزبوونەوەی نرخەکان و بە ئەستەم دۆزینەوەی ژووری هۆتێلەکان دەبێتە کێشە، ئەمە جگە لە رێگریکردنی هاتووچۆ لە شەقامە سەرەکییەکان و دانانی خاڵەکانی پشکنین لە دەرەوەی هەر ژوورێکی کۆبوونەوەکە.
بەشداربووان پێویستە پشکنینێکی تەواویان بۆ بکرێت پێش ئەوەی بچنە ناو شوێنەکانی کۆڕبەندەکە، دواتر لە رێگەی دەروازە ئەلیکترۆنییەکانەوە باجەکانیان سکان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکانیان.

حکومەتی سویسرا پێشبینی ئەوە دەکات کە دابینکردنی خەرجی کۆڕبەندی ئابووری ئەمساڵ 10.5 ملیۆن دۆلار تێبچێت، ئەمەش بەپێی پلانێک بۆ دابینکردنی ئەم تێچووە زیادەیە، کۆڕبەندی ئابووری جیهانی نزیکەی بە چوار ملیۆن دۆلار بەشداری دەکات، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی کانتۆنی گراوبیندێن (کە داڤۆس تێیدایە) هەریەکەیان 2.63 ملیۆن دۆلار و شارەوانی داڤۆس 1.32 ملیۆن دۆلار دابین دەکات.
ئەگەر تێچووی ئاسایش لە 10.5 ملیۆن دۆلار تێپەڕێت لەبەر هەر هۆکارێکی رۆتینی وەک زیادبوونی کتوپڕی ژمارەی شاندە بەشداربووەکان، ئەوە حکومەتی فیدراڵی بڕە پارەیەکی تەرخان کردووە کە لە یەک ملیۆن دۆلار زیاتر نەبێت، لە حاڵەتی رووداوە نائاساییەکانی وەک هێرشی تیرۆریستی، هەوڵی کوشتن یان نیشانەکانی هەڕەشەیەکی گەورە، حکومەتی فیدراڵی لە سەدا 80ـی تێچووە زیادەکان دابین دەکات، لەگەڵ کانتۆنی گرۆبیندن و کۆڕبەندەکە کە لە سەدا 20ـی ماوەکەی دابین دەکەن.
سەبارەت بە تێچووی بڵاوکردنەوەی هێزەکان بۆ پاراستنی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، سوزان مێسیکا، گوتەبێژی حکومەتی سویسرا بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی رایگەیاند، ئەوە هاوتایە لەگەڵ تێچوونی مەشقی سەربازی رۆتینی بۆ هەمان هێز، کە بڵاوکردنەوەی هێزە چەکدارەکان دەکەوێتە نێو بودجەی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری و پاراستنی شارستانی و وەرزش کە 32 ملیۆن فرانکی سویسرییە و هاوتایە بە 37.5 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
حکومەتی سویسرا چەندین ساڵە پلانێکی دارایی بۆ رێکخراوەکە و ئاسایشی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی پەسەند دەکات لەسەر بنەمای دابەشکردنی بارگرانی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و کۆڕبەندەکەدا.
دەسەڵاتدارانی سویسرا مەزەندەی ئەوە دەکەن کە داڤۆس پێشوازی لە زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەرکردەی بازرگانی، سیاسی، زانستی و رۆشنبیری بکات، لە نێوان 15 بۆ 19ـی مانگی یەک.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن نادیا کادونو، گوتەبێژی کانتۆنی گرۆباندن ئەم ژمارەیە لەنێوان 200 بۆ 300 کەسایەتی پارێزراوی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت، وەک سەرۆکی وڵاتان و وەزیرەکانی حکومەت و نوێنەرانی ئاستی باڵای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت 400 رۆژنامەنووس کە لە میدیا ناوخۆیی و بیانییەکان کار دەکەن بەشداری لە رووماڵکردنی کۆڕبەندەکەدا بکەن.
