وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندکارانى هەرێمى کوردستان لە مەرجى مانەوە لە شارێکی وڵاتی رووسیا دەبەخشێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 - هەولێر

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، بڕیاردراوە بە بەخشینی ئەو خوێندکار و قوتابیانەى لەشاری بێلگۆرەدى وڵاتی رووسیاى فیدراڵ کە دەخوێنن، ئەمەش بۆ پاراستنی ژیانى ئەو خوێندکارو قوتابیانەى هەرێمى کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، لە نووسراوێکی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە رایگەیاندووە، لە فەرمانێکى وەزاریدا بە ژمارە (907) لە رێککەوتى 17/1/2024، کە ئیمزاى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەرە، بڕیاردراوە بە بەخشینى ئەو خوێندکارو قوتابیانەى لە شارى بێلگۆرەدی وڵاتى رووسیاى فیدراڵ دەخوێنن لە مەرجى مانەوەو گەڕانەوەیان بۆ هەرێمى کوردستان تا کۆتاى ئەم سمستەرەى خوێندن.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئامانج لەو بڕیارەی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بریتیە؛ لە پاراستنى ژیانى ئەو خوێندکارو قوتابیانەى هەرێمى کوردستان کە لە شارى بێلگۆرەدى وڵاتى رووسیاى فیدراڵ دەخوێنن، بەهۆى نزیکى ئەم شارە لە بەرەکانى جەنگ.

Fly Erbil Advertisment