رووماڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا لە داڤۆس
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا لە داڤۆس

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا لە داڤۆس کۆبوونەوە و تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرش و پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر.

رۆژی چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس،  له‌گەڵ  ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرش و پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە، ئيمانوێل ماکرۆن هاوخەمیی قووڵی خۆی بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاند و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ  هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئيمانوێل ماکرۆن و فەرەنسای کرد بۆ هاوخەمیی و پشتیوانیی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کردووە.