پشێوییەکانی دەریای سوور نرخی گواستنەوەی ئاسمانی بەرزکردووەتەوە

K24 - هەولێر
نرخی گواستنەوەی باری ئاسمانی بە رێژەیەکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە، ئەمەش لەئەنجامی زیادبوونی خواست لەسەری، دوای ئەوەی هەندێک کۆمپانیای بارهەڵگری دەریایی خۆیان لە گواستنەوە دەریاییەکان بەدوورگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەو پشێویانەی کە رووبەڕووی ئەو کەشتییانە دەبێتەوە کە بەناو دەریای سووردا تێدەپەڕن.
کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری لۆجستیکی دەڵێن، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەی ئەو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرانەی کە دەیانەوێت بەرهەمەکانیان لە رێگەی ئاسمانییەوە بگوازنەوە، زیادیکردووە، دوای ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور ناچاریان کردوون بەدوای ڕێگەی دیکەدا بگەڕێن، کە رەنگە سوودی بۆ کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی هەبێت.
دەریای سوور و کەناڵی سوێس دەکەوێتە سەر رێڕەوێکی بازرگانی سەرەکی کەکەشتیە بازرگانییەکان پێیدا تێدەپەڕێت! نزیکەی لەسەدا 12ـی هاتووچۆی کەشتیوانی جیهانی پێکدەهێنێت و کەناڵی سوێس کورتترین رێگای دەریاییە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا.
نرخی گواستنەوەی ئاسمانی تاڕادەیەک جێگیرە، بەهۆی قەیرانی کەشتیوانی کە هاوکاتە لەگەڵ هێوربوونەوەی وەرزی خواست، بەڵام داتاکانی پلاتفۆرمی حجزکردن و پارەدان بۆ کەشتیوانی نێودەوڵەتی (فرێتۆس) دەریخستووە کە نرخی گواستنەوە لە چینەوە بۆ ئەوروپا بە ڕێژەی نزیکەی لەسەدا 91 بەرزبووەتەوە، لەسەر بنەمای داتای هەفتانە.
ئینڤی رود، بەرپرسی لۆجستیکی ئاسمانی لە کۆمپانیای لۆجستی جیهانی "کۆنیە ناگل" دەڵێت: "ئێمە لە ئێستاوە لەگەڵ زۆرێک لە کڕیاران قسە دەکەین سەبارەت بە زیادکردنی توانا ئاسمانییەکانمان"
گوتیشی: گواستنەوەی ئاسمانی بەراورد بە گواستنەوەکانی دەریایی گرانترە و رکابەری نییە بۆ کاڵا گەورەکان کە قازانجێکی کەمیان هەیە.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی "ئیاتا" ئەم هۆکارانە بەشدارن لە کەمکردنەوەی بەشداریکردنی گواستنەوەی ئاسمانی لە هاتووچۆی بازرگانی جیهانیدا بۆ کەمتر یەک لەسەدا.
بەڵام گواستنەوەی بارهەڵگری ئاسمانی بووەتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێشی ئازاد، بەو پێیەی هێرشەکان کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ناچارکردووە رێگا دیکەی دەریایی بەکاربهێنن، ئەمەش کاریگەری لەسەر کاتی گەیاندن هەبووە ماوەکەی درێژتر کردووەتەوە.
چەندین کۆمپانیای خزمەتگوزاری لۆجستی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئەمەریکی رایانگەیاندووە کە کاردەکەن بۆ دابینکردنی شوێنی بێبەرامبەری زیادە بۆ گواستنەوەی باری ئاسمانی، سەرچاوە لۆجستیکییەکانیان زیاد کردووە.
کۆمپانیای کۆنیە ناگل ئاماژەی بەوەکردووە، "هەندێک لە کڕیاران لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە ناردنی کۆنتێنەر بۆ دوبەی و لۆس ئەنجلۆس و دواتر کاڵاکان بە رێگەی ئاسمانی دەگوازنەوە بۆ شوێنەکانیان".
کۆمپانیای دیمێرکۆ ئایر کارگۆ کە گرنگی بە ئاسیا دەدات، رایگەیاندووە، کڕیاران لە تێچووی تێکەڵکردنی باری دەریایی و ئاسمانی لە رێگەی دوبەیەوە، جگە لە خزمەتگوزاری گواستنەوەی ڕاستەوخۆی ئاسمانی.
کۆمپانیاکانی کەشتیوانی پێشبینیان دەکرد ژمارەی بەرهەمهێنەران بۆ گواستنەوەی ئاسمانی زیاد بکات ئەگەر قەیرانی دەریای سوور بەردەوام بێت.
ڤێنسێنت کلێرک، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای میرسک دەڵێت: "ئەوە کارێکی زۆر بێزارکەرە، چونکە 20 لەسەدی بازرگانی جیهانی بە دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندەب تێدەپەڕێت".
هاوکات سێ کۆمپانیای ژاپۆنی بۆ بازرگانی دەریایی بەتەواوی بایکۆتی دەریای سووریان کردووە هیچ کەشتیەکیان بەو ئاوەدا تێناپەڕێت، ئەمەش بەهۆی ئەو پشێوییانەیە.
گوتەبێژی کۆمپانیاکە بەناوی "نیبۆن یوسن" بە فرانس پرێسی فەرەنسی گوت: کۆمپانیا بەهۆی سەلامەتی تیمەکەی ئەوبڕیارەی داوە.
کاردانەوەی پشێوییەکانی دەریای سوور لەسەر ئابووری جیهانی هێشتا سنووردارە. بەپێی ئەوەی شارەزایان دەیڵێن، بەمەرجێک ئەوە درێژە نەکێشێت.
زۆرێک لە کۆمپانیاکان دواکەوتنیان راگەیاند، وەک کۆمپانیای زەبەلاحی مۆبیلیات "IKEA" کۆمپانیا سویدییەکە لە ئیمەیڵێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕوونیکردەوە کە دۆخی کەناڵی سوێس دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەیاندنی کاڵاکان.
هەروەها بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلیش کاریگەری لەسەرە و تێسلا روونیکردەوە کە لە نێوان 29ـی 1 تا 11ی شوبات بۆ ماوەی دوو هەفتە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە کارگەی ئەوروپا رادەگرێت. سەبارەت بە کارگەی ئۆتۆمبێلی ڤۆڵڤۆ لە شاری گێنتی پایتەختی بەلجیکا، بۆ ماوەی سێ رۆژ دادەخرێت، بەهۆی کەمی گێڕبۆکسەوە کە گەیاندنیان بەهۆی رێگا دەریاییەکانەوە دواکەوتووە.