رووماڵ

لوتکەی دیپلۆماسییەتی کوردستان؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دافۆس 2024
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دافۆس 2024

K24 – هەولێر:

لە ماوەی سێ رۆژدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس 2024) چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان ئەنجامدا و جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی دیپلۆماسییەتدا لە کۆڕ و کۆڕبەندە جیهانییەکاندا دووپاتکردەوە.

بۆ بەشداریکردن لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسڕا، رۆژی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو وڵاتە و رۆژی دواتریش دەستی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی کرد لەگەڵ سەرۆک و سەکردە جیهانییەکان کرد و لەماوەی سێ رۆژدا، 45 دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

لە گرنگترین دیدارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس، لەگەڵ هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کاتالین نۆڤاک، سه‌رۆكى هه‌نگاريا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڤاهاگن خاچاتوریان، سەرۆککۆماری ئەرمەنستان، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا؛ هان دوک سوو، سەرۆکوەزیرانی کۆریای باشوور، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بیشر ئەلخەساونە، سەرۆکوەزیرانی ئوردن، شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیران قەتەر و جاسم محەمەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاریى وڵاتانی کەنداو کۆبووەوە.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە پەراوێزی بەشدایکردنی لە کۆڕبەندی داڤۆس، بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، یان لیڤاسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک، ئیلینا ڤالتۆنن، وەزیری دەرەوەی فینلەندا، گیر پیدرسن، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا‌، عەیدەرۆس زوبەیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، بەندەر ئەلخورەیف، وەزیری پیشەسازی و سامانی کانزایی سعوودیە، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دارایی و ئابووریی نیشتمانی بەحرەین کۆبووەوە.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ داڤۆس و کۆبوونەوەی بەشێکی زۆر لە سەرکردە جیهانییەکان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سویسرا هاوکات بوو لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر لە درەنگانی شەوی (15ـی کانوونی دووەمی 2024) کە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی شەش کەسی دیکە. ئەمەش بووە دەرفەتێک جارێکی دیکە وڵاتانی جیهان بەشێوەیەکی راستەوخۆ پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتبکەنەوە و هاوخەمی خۆیان بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنن.

هاوکات سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی كۆڕبەندەکەی داڤۆس و دیدار و كۆبوونەوە گرنگەکانیدا جەختی لە هەڵوێستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ماڵی كوردستان و كۆڕبەندی داڤۆسی كردە پلاتفۆرمێك بۆ گەیاندنی پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆكردنەوەی زۆرترين پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ گەلی كوردستان.

رۆژی (17ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "بەردەوام دەبین. لە ئەمڕۆوە، ئێمە دوو هێندە کاردەکەین لەسەر پرۆژەکانمان لە سێکتەری بانکی، پارەدانی دیجیتاڵی، وزە، کشتوکاڵ و پیشەسازی. کوردستان بەرەو وەرچەرخان دەڕوات".

کۆڕبەندی داڤۆس 2024 بە درووشمی" بنیاتنانەوەی متمانە" بە بەشداری 100 حکومەت و زۆربەی دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەزار هاوبەشی کۆڕبەندەکە و سەرکردە جیهانییەکان، شارەزایان و نوێنەرانی گەنجان، کارسازان و میدیاکان بەڕێوەدەچێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو شاندەی یاوەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکهاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن. هەروەها بە دەستپێشخەری و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماڵی کوردستان لە داڤۆس کرایەوە.

رۆژی (18ـی کانوونی دووەمی 2024) محه‌ممه‌د شوكری، وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان كه‌ یاوه‌ری شاندی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانن له‌ داڤۆس، زیاتر له‌ 80 دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان بیانی ئه‌نجام داوه‌ و به‌رهه‌می زۆری هه‌بووه‌ و چه‌ندین گرێبه‌ستی گه‌وره‌یان واژۆ كردووه‌.

رۆژی (17ـی کانوونی دووەمی 2024) لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهید پێشڕەو دزەیی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و مێوانانی داڤۆس و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ناوبراو سەرمایەدارێکی دیاری شاری هەولێر بوو لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ منداڵێکی ساوای خۆی و هاوڕێیەکی بازرگانی عێراقی بەناوی کەڕەم میخائیل و دایەنی منداڵەکەی بەناوی میشێل میندۆزای فلیپینی گیانیان لەدەستدا.

لەبارەی رۆڵی ماڵی کوردستان لە داڤۆس، هەروەکو سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماڵی کوردستان لە داڤۆس رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی له‌ ناساندنی زیاتری توانای هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی سیاسی و ئابووری و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ و بووە هۆی دروستکردنی پەیوەندی و کۆکردنەوەی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی بەشدار لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس.