حووسییەکان تەنها کەشتییە بازرگانییەکانی چین و رووسیا ناکەنە ئامانج

حووسییەکان بەڵێنیان داوە کەشتییە بازرگانییەکانی چین و رووسیا نەکەنە ئامانج
حووسییەکان بەڵێنیان داوە کەشتییە بازرگانییەکانی چین و رووسیا نەکەنە ئامانج

K24 - هەولێر

حوسییەکانی یەمەن بەڵێنیان داوە لە دەریای سوور کەشتییە بازرگانییەکانی چین و رووسیا نەکەنە ئامانج؛ بەڵام هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دیکەی ناوچەکە بەردەوامن.

محەممەد بوخەیتی، سەرکردەی باڵای حووسییەکانی یەمەن لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئیزڤێستیای رووسی رایگەیاند، هەندێک کەشتی بەهۆی ئەو گرژییانەی لە ناوچەکە هەیە، هەوڵدەدەن خۆیان دووربخەنەوە؛ هەر کەشتییەکیش پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە نەبێت، پارێزراو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، کەشتییە بازرگانییەکانی چین و رووسیا لە دەریای سوور پارێزراو دەبن و هێرش ناکرێتە سەریان؛ چونکە پاراستنی ئازادی دەریایی بۆ وڵاتەکەیان گرنگە.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکانیش ئاشکرایکرد، هێزەکانیان بە چەند مووشەکێک راستەوخۆ کەشتییەکی بازرگانی ئەمەریکیان لە کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج.

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان گوتی: "هێزی دەریایی حوسییەکان بە بەکارهێنانی چەند مووشەکێکی دژە کەشتی ئۆپەراسیۆنێکیان دژی کەشتی بازرگانی چێم رەنجەری ئەمەریکی لە کەنداوی عەدەن ئەنجامداوە و راستەوخۆ کراوەتە ئامانج."

ئەمەریکاش رەتیدەکاتەوە هیچ زیانێک بە کەشتییەکە گەیشتبێت. سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەدا، لە دوو رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئەمەریکا 16 مووشەکی حوسییەکانیان لە دەریای سوور خستوونەتە خوارەوە.

سابرینا سینگ روونیکردەوە: "فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا دوو مووشەکی دژە کەشتی حوسییەکانی یەمەنی وێرانکرد، کە ئامادەکرابوون بەرەو باشووری دەریای سوور ئاڕاستەبکرێن. هەروەها شەوی رابردوو، هێزەکانمان 14 مووشەکی دیکەی حوسیەکانیان وێرانکردووە، کە بووبوونە هۆکاری دروستبوونی مەترسی لەدەریای سوور. لەهەر جێگەیەک هەڕەشە بۆسەر هێزەکانمان دروستببێت، وەڵاممان دەبێت".

ئەم بەڵێنەی حووسییەکان بۆ هێرشنەکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی رووسیا و چین لەکاتێکدایە، ئێران هاوپایمانێکی سیاسی و ئابووری هەردوو وڵاتە، بەردەوام رۆژئاواش تۆمەتباری دەکات بەوەی ئێران و رووسیا بازرگانی چەک لە نێوانیان هەیە.

Fly Erbil Advertisment