ژووری بازرگانی دیاربەکر پشتیوانی لە هەوڵی هەولێر و دهۆک بۆ مەبەستی بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی دەکات

ژووری بازرگانی وپیشەسازییەکانی دیاربەکر، هەولێر و دهۆک
ژووری بازرگانی وپیشەسازییەکانی دیاربەکر، هەولێر و دهۆک

K24 - هەولێر

ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، سەبارەت بە بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی نامەیەکی پشتیوانی ئاراستەی ژووری بازرگانییەکانی هەولێر و دهۆك کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2024) محەممەد کایا، سەرۆکی دەستەی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر لە نامەیەکی پشتیوانیدا کە بۆ ژووری بازرگانییەکانی هەولێر و دهۆک ناردووە، ئاماژەی بەوەداوە، کە بانگەوازی هەولێر و دهۆک بۆ راگرتنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئێران و بایکۆتکردنی کاڵاکانیان بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، کارێکی دروست  و لە جێگەی خۆی بووە.

سەرۆکی دەستەی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، ئامادەی خۆی بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەك، لە دابینکردنی سەرجەم کاڵاکان بۆ هەولێر و دهۆک دەربڕی.

محەممەد کایا، "گوتیشی وەک دیاربەکر ئامادەین هەر هەنگاوێک بنێین و لە تەنیشتتان بوەستین بۆ دڵنیابوون لەوەی براکانمان و کەسە بازرگانەکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە دوای بڕیاری بایکۆت تووشی قەیرانی کەمی کاڵا نەبن".

سەرۆکی دەستەی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری سەرمایەدار و بازرگان شەهید پێشڕەو دزەیی کردووە، هەروەها بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە بۆ سەر هەولێر دەکات.

رۆژی هەینی (19ـی کانوونی دووەمی 2024)، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە میانەی راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم بازرگانان کرد کە بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیشیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.

هەروەها رۆژی شەممە (20ـی کانوونی دووەمی) ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی دهۆکدا هەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک بەووردی لێکۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەکەین، تاوەکو بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەرهەمی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پێداویستییەکانی خەڵکی پارێزگای دهۆک و کوردستان پڕبکرێنەوە".

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".

Fly Erbil Advertisment