بۆچی مێسی لەبارەی خەڵاتی زە بێست خۆی بەدوور گرتووە؟

جیانی ئینفانتینۆ سەرۆكی فیفا و لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا
جیانی ئینفانتینۆ سەرۆكی فیفا و لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا

هەفتەیەك بەسەر بردنەوەی خەڵاتی زە بێست تێپەڕی، بەڵام لیۆنێل مێسی هیچ كاردانەوەیەكی نەبووە و لەبارەی ئەم خەڵاتەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ قسەیەكی نەكردووە.
 دووشەممەی ڕابردوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)  لە مەراسیمێكدا ڕایگەیاند کە لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا خەڵاتی زە بێستی بۆ باشترین یاریزانی جیهان بۆ ساڵی 2023 بەدەستهێناوە.
ئەگەرچی هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە بوون ئێرلینگ هالاندی نەرویجی خەڵاتەكە بباتەوە، بەوپێیەی 3 نازناوی بۆ یەكەمجار لە ماوەی یەك ساڵ لەگەڵ مان سیتی بەدەستهێنا و هەموو ڕیکۆردەکانی گۆڵكردنی خولی ئینگلیزی شکاند، دواتر بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو سەرەڕای ئەوەی بەشداریی مەراسیمەكەشی نەكرد كەچی مێسی خەڵاتی باشترینی ساڵی فیفای بەدەستهێنا.
هەفتەیەک بەسەر ئەو مەراسیمە تێدەپەڕێت ئەستێرەكەی ئینتەر مەیامی هێشتا ئاهەنگی خەڵاتەکەی نەگێڕاوە! تەنانەت بە وشەیەك باسی ئەو خەڵاتەكەی نەكردووە و هەمووان بە سەرسوڕمانەوە لە هۆكاری بێدەنگی مێسی دەڕوانن!!

"بێبایەخی خەڵاتەكە"
لیۆنێل مێسی لە جیاتی ئەوەی ئامادەی مەراسیمی خەڵاتی زە بێست بێت، رۆیشت لەگەڵ یانەكەی بەشداریی لە یارییەكی دۆستانە كرد، ئەمەش جۆرێك لە بێهیوایی و بێبایەختی مێسی بوو بەرامبەر ئەم خەڵاتە، تەنانەت مێسی پەیامێكی ڤیدیۆیی تۆماركراویشی نەبوو بۆ ئەوەی لە كاتی ئاهەنگی مەراسیمەكە پیشان بدرێت، تەنانەت نوێنەرێكیشی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە نەناردبوو، لەبری ئەوە تێری هێنری پێشكەشكاری مەراسیمەكە خەڵاتەكەی بۆ لیۆ وەرگرت.
ئەوەی جێگەی پرسیارە ماوەی هەفتەیەكە تێدەپەڕێت هێشتا مێسی تویت و وێنە و تەنانەت کۆمێنتێکی لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکە بڵاو نەکردەوە! ئەمەش یەكەمجارە روودەدات یاریزانێك خەڵاتێكی ئاوها گەورە دەباتەوە كەچی هیچ كاردانەوەیەكی نابێت و نازناوەكە بە تەواوەتی پشتگوێ دەخات و هیچ قسەیەكیش لەبارەیەوە ناكات.

هەستکردن بە ناشایستەیی؟
بەشێكی دیكە لە بۆچوونەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن رەنگە مێسی هەست بە ناشایستەیی بکات كە بۆ جاری سێیەم ئەم خەڵاتەی بردەوە و پێش هەریەكە لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ و رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی كەوتەوە كە ئەوانە هەریەكەیان دووجار ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە.
لەوەش گرنگتر، ڕەنگە مێسی هەست بکات یاریزانێکی وەک هالاند زیاتر لە خۆی شایەنی ئەوە بێت، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەو شتانەی کە بەدرێژایی ساڵ لەگەڵ مان سیتی بەدەستی هێناوە.

ژمارەکانی مێسی
مێسی لە 2023 ساڵێكی خراپی لەڕووی ژمارەكان تێپەڕ كرد و ساڵێكی بەرهەمدار نەبوو بۆ ئەستێرە ئارجێنتیناییەكە، زۆربەی یارییەكانی لەو ساڵەدا لە خولی ئەمریكا ئەنجامدا، بەپێچەوانەی ساڵی 2022 كە تێیدا نازناوی جامی جیهانی بەدەستهێنا.
مێسی بە درێژایی ساڵ 28 گۆڵی لە 45 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و پاریس سانجێرمان و ئینتەر مەیامی تۆمار کرد و 12 ئەسیستیشی هەبوو.
بەدرێژایی ساڵەکە مێسی دوو نازناوی بەدەستهێنا، یەکەمیان نازناوی خولی فەرەنسی بوو كە هیچ زەحمەتییەكی پێوە نەبینی، دووەم نازناو لەگەڵ یانە نوێیەکەی ئینتەر مەیامی بوو  كە جامی خولەکەی بەدەستهێنا کە یەکەم نازناو بوو لە مێژووی دروستبوونی یانەكە كە تێیدا مێسی رۆڵێكی باڵای هەبوو لە بردنەوە ئەم نازناوە، بەڵام بەهای ئەو نازناوەش بۆ ئینتەر مەیامی مانایەکی زۆری بۆ تۆپی پێی جیهانی نییە، هەروەها ناتوانرێت بەراورد بکرێت بەو شتانەی هالاند لە مانچێستەر سیتی بەدەستی هێنا و ڕەنگە ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی مێسی ئاهەنگی ئەو خەڵاتەی نەگێرا و خۆی بەدوورگرتووە.

کەسایەتی مێسی
لیۆنێل مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە مۆندیال زۆرجیاواز و توڕە دەركەوت، بەڵام لە راستیدا
لیۆ بەوە ناسراوە کە كەسایەتییەكی شەرمنی هەیە، لە دوایین چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی موندی دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا رایگەیاند وەكو یاریزانی تۆپی پێ هەموو شتێكی بەدەستهێناوە، گوتیشی: ئێستا كاتی ئەوەیە هەست بە ئارامی بكەم، پەشیمانیشم لەو رەفتارانەی بەرامبەر ڤان خاڵ راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە مۆندیال ئەنجامم دا.
مێسی هەمیشە جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەو ئاوات بۆ نازناوی تاكەكەسی ناخوازێت و بەلایەوەی گرینگ نییە، چەندانجاریش ئەو قسەیەی دووبارە كردووەتەوە، خەونی ئەو بردنەوەی نازناوی نێودەوڵەتی بووە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و گرینگ نییە لە دوای 18ـی كانوونی دووەمی 2022 هیچ خەڵاتێكی دیكەی بەلاوە گرینگ نییە.

لیۆنێل مێسی لەگەڵ خێزان و هاوڕێیەكانی لە شاری مەیامی
لیۆنێل مێسی لەگەڵ خێزان و هاوڕێیەكانی لە شاری مەیامی
Fly Erbil Advertisment