رۆژنامەیەکی بەریتانی گەندەڵییەکی رێکخراوێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئاشکرادەکات

وێنەکە لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وەرگیراوە
وێنەکە لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وەرگیراوە

K24 - هەولێر:

لە بەدواداچوونێکدا کە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئەنجامیداوە ئاشکرایکردووە، ئەو کارمەندانەی کە لە عێراق کاردەکەن بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان داوای بەرتیل دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتی بازرگانان بدەن بۆ بەدەستهێنانی گرێبەست لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ لە وڵاتەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای 15%ـی بەهای گرێبەستەکان دەکەن.

رۆژنامەکە لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پارەیەی کە گوایە خەرج کراوە، یەکێکە لە کۆمەڵێک بابەتی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن، کە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە دامەزراوەی دارایی سەقامگیری ئاشکرای کردووە، کە پلانێکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکانە و لە ساڵی 2015ەوە دەستیپێکردووە، کە بەهای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، لەلایەن زیاتر لە 30 بەخشەرەوە دابین کراوە.

رۆژنامەکە روونیشیکردەوە، "ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ زیاتر لە 20 کارمەندی ئێستا و پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڵێندەر و بەرپرسانی عێراقی و رۆژئاوا ئەنجامدراون، ئاماژە بەوە دەکەن، کە نەتەوەیەکگرتووەکان گڕی لە کلتووری بەرتیلدان بەرداوە، کە لە دوای رووخانی سەدام حوسێنەوە لە ساڵی 2003ەوە کۆمەڵگەی عێراقی گرتووەتەوە".

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەشڵێت: "ستافی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان داوای بەرتیلیان کردووە کە تا 15%ـی بەهای گرێبەستەکە دەبێت، بەپێی سێ ستاف و چوار بەڵێندەر، لە بەرامبەردا ستافەکە یارمەتی بەڵێندەرەکە دەدات لە بەڕێوەبردنی سیستمی پێشکەشکردنی داواکاری بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە لە پرۆسەی پشکنینی بەرنامەکەدا تێدەپەڕێت".

رۆژنامەکە لە زاری یەکێک لە بەڵێندەرانەوە نووسیویەتی: "هیچ کەسێک ناتوانێت گرێبەست بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی پارە بدات، هیچ شتێک لەم وڵاتەدا نییە کە بەبێ پارە بەدەستی بهێنیت، نە لە حکومەت و نە لە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان"، ئاماژەی بەوەشکردووە، " کارمەندانی بەرنامەی پەرەپیدانی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای بەرتیلییان کردووە".

کارمەندێکی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان رایگەیاندووە، گرێبەستەکان بەشێوەی کەسی ئەنجامدراون نەک لەسەر کاغەز بۆ ئەوەی دەستنیشان نەکرێن، هەندێکجار عێراقییە کاریگەرەکان وەک کەفیل مامەڵە دەکەن، ئەوان دەڵێن: "لایەنی سێیەمیش پشکی بەرتیلەکان وەردەگرێت"، هەروەها بەڵێندەران کەسانێک هەڵدەبژێرن کە پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ حکومەت هەیە.

گوایە ئەو بەرپرسە حکومییانەی کە لەلایەن بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی بیناسازیان پێسپێردراوە پشک وەردەگرن.

بەڵێندەران و ستافی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کە سەرپەرشتی پڕۆژەکانیان کردووە، دەڵێن بەرپرسان ئەو دەسەڵاتەیان بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی "بەرتیل" لە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر واژۆکردن لەسەر پڕۆژە تەواوکراوەکان، دوو بەڵێندەر بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانییان راگەیاندووە، کە ناچار بوون ئەو پارەیە بدەن.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆربەی ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، ئەو راهێنان و وۆرک شۆپانەی کە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییانەدا بەڕێوەی دەبەن، بەبێ بایەخ و نەبوونی یەکگرتوویی ستراتیژی وەسف کردووە.

دەشڵێت: دانیشتنەکان بەرپرسانی حکومەت و ئەندامانی کۆمەڵگە زیاتر بۆ چێژوەرگرتن و پارە وەرگرتن بەشدارییان لەو وۆرک شۆپانە کردووە، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی ستافەکەش دەڵێت "UNDP" تەنها دەیەوێت پارە بسووتێنێت و نیشانی بەخشەرەکانیش بدات کە وۆرک شۆپ ئەنجام دەدات.