لە هەولێر خانەیەک بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو دەکرێتەوە
K24 - هەولێر
لە هەولێر خانەیەکی تایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی فڕێدەدرێن دەکرێتەوە، پارێزگاری هەولێریش گوتی: ئەو منداڵانە بەهۆی ئەو هۆکارانەی رووبەڕووی خیزانەکانیان بووەتەوە، پێویستیان بەو شوێنە دەبێت.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ کردنەوەی خانەی تایبەتی منداڵان، لەمەودوا منداڵانی تەمەن سفر بۆ چوار ساڵ دەبێتە خاوەن ماڵ و ستاف و بەرنامەی خزمەتگوزاری تایبەتی خۆی.
راشیگەیاند، هەموو ئەوکارانە دەبنە هۆی ئەوەی ئەو منداڵانە لە ژینگەیەکی ئارامدا بژین و بەشێوەیەکی سروشتی گەشە بکەن.
چاوشین گوتی: پێمان وایە منداڵی تازە لەدایک بوو، لە رووی دەرونی و عەقلی و جەستەیی جیاوازە لەگەڵ منداڵانی دیکە، بۆیە پێویستە شوێنی تایبەت بەخۆیانیان هەبێت، هەروەها هۆکارێکی دیکە کە ئێمەی هاندا بۆ کردنەوەی ئەو خانەیە بکەیەنەوە، پەسەندکردنی سیستەمی خێزانی جێگرەوە بوو لە ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەوکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکومەت، هۆبەی خێزانی جێگرەوەمان دامەزراند و ستافیشمان بۆ دابین کرد، بەڵام تاکە بەربەست لەبەردەم جێبەجێبوونی ئەو سیستەمە نەبوونی خانەیەک بوو، بۆ منداڵانی تازە لەدایک بوو تا تەمەنی چوار ساڵ، کە ئەمڕۆ ئەو خانەیە دەکەینەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەوبارەیەوە گوتی: سوپاسی ئەوکەسانە دەکەین کە بونەتە هۆی سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە، کە دەکەوێتە خزمەتی ئەو منداڵە خۆشەویست و ئازیزانەی ئێمە.
گوتیشی: "ئەو منداڵانە بەهۆی ئەو هۆکارانەی رووبەڕووی خیزانەکانیان بووەتەوە، پێویستیان بەو شوێنە دەبێت"، دەشڵێت: "ئەوەی دڵنەوایی ئێمە و حکومەت و کەسوکاری شەهیدەکانی رووداوە کارەساتبارەکەی هەولێر دەدات، پشتیوانی دانیشتوانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانی کوردانی تاراوگە بوو"، هەروەها دڵنیاشین کوردانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باکووریش بەدڵ لەگەڵمانن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەکردنەوەی ئەو خانەیە، رۆژی لەدایکبوونی یەکێک لە شەهیدانەکانە ئەویش ژینا پیشڕەوە، کە بووە سیمبولی مەزڵومیەتی ئێمە، کە بەهۆی موشەکە منداڵکوژەکانی سوپای پاسدارانی ئێران شەهید بوو، بەو هۆیەوە مەراسیمێک رێدەخرێت.