کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور هاوخەمی بۆ هەولێر دەردەبرێت
کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان هاوخەمی و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادەی قوربانیانی لافاوەکەی هەولێر دەکات.
ئن گیۆ شیم، کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەولێر بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی هاوخەمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دڵگرانی خۆی بە لافاو و کارەساتە سروشتییەکەی هەولێر دەربڕیوە و نووسیویەتی "لە ناخمەوە خەمبارم بەو لافاوە لە ناکاوەی کە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەتی شاری هەولێری گرتەوە".
هەر لە پەیامەکەیدا، جیا لە دەربڕینی هاوخەمی، سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربیانیان رووداوەکە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ سەرجەم زیانلێکەوتووان دەکات، هاوکات
ئومێدی زوو بوژانەوەی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەخوازێت.
ئێوارەی رۆژی شەممە 7ـی ئەم مانگە بەهۆی بارانی بە خووڕ و لێزمە، ئاوی باران لە چەند گەڕەکێکی هەولێر پەنگیخوارەوە و بەهۆیەوە لافاو دروستبوو، جیا لە گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتیی کە یەکێکیان منداڵێکی پێنج ساڵان و ئەوەی دیکەش گەنجێکی شۆفێری شۆفڵ بوو کە بە هانای خەڵکەوە چوو بوو، بەڵام گیانیان لە دەستدا، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە چەند گەڕەکێکی هەولێر ئاو چووە ماڵەکانیان و ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەش ئۆتۆمبێلەکانیان ژێر ئاو کەوت.
هەرچەندە تا ئێستا قەبارە زیانە ماددییەکان نەزانراوە بەڵام بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لیژنەی تایبەت بۆ تۆمارکردنی زیانەکان پێکهێنراوە و هەر ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەکان دەستبەکاربوون