نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمی کوردستان پشتگیری له‌ رێککه‌وتنی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ڕێککه‌وتنی نێوان حکومه‌تی فیدراڵیی عێراق و حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هاوکار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی ئارامی، ئاسایش و سه‌قامگیری.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و ئه‌مه‌ریكا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تییدا هاتووه‌: "پێشوازی له‌ رێککه‌وتنی نێوان حکومه‌تی فیدراڵیی عێراق و حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ین بۆ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی کاره‌کانی کۆمیته‌ی باڵای سه‌ربازیی نێوانیان (HMC) و به‌ره‌وپێشچوونی گفتوگۆکان ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی و داهاتووی هاریکاریی هاوبه‌ش له‌ بواره‌کانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئه‌منی و سه‌ربازیدا.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌رێمی کوردستان پشتگیری له‌و رێککه‌وتنه‌ ده‌کات و هاوکار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی ئارامی، ئاسایش، سه‌قامگیری، سه‌روه‌ریی وڵات و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای رێزله‌یه‌کگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش".

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ (25ـی کانوونی دووەمی 2024) لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق دەستپێدەكەن.

ئۆستن ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەمە هاوكار دەبێت بۆ دروستكردنی هاوبەشی بەردەوامی نێوانمان لە بواری ئاسایش، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنانەی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ كەمپەینی دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە.

هەروەها وەزیری بەرگری ئەمەریكا راشیگەیاندبوو، گواستنەوەمان بۆ قۆناغی دانانی خشتەی كاتی بۆ گۆڕینی ئەركەكانمان لە عێراق بە لەبەرچاوگرتنی سێ فاكتەری سەرەكی كە بریتین لە: هەڕەشەی داعش، هەلومەرجی گونجاو و پێداویستییەكان و توانای هێزە سەربازییەكانی عێراق.

هاوکات لۆید ئۆستن ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر بانگهێشتی حكومەتی عێراق و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو وڵاتەن. ئەمەریكاش پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق و ناوچەكە.

Fly Erbil Advertisment