رووماڵ

حکومەت و گەلی یەمەن پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەنەوە

یەمەن
یەمەن

K24 – تەعز:

بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، حکومەت و گەلی یەمەن بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەن، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەنەوە.

عەلی ئەلسەراریی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێران شەڕی وەهمی دەخولقێنێت، ئەگەر تاران بەرگری لە غەززە دەکات، دەبوو یەکەمجار هێرش بکاتە سەر تەلئەڤیڤ، بەڵام ناوێرێت ئەو کارە ئەنجامبدات، هاتووە بە دروستکردنی شەڕی لەبەلا خزمەتی ئیسرائیل دەکات.

لەلایەن خۆیەوە عەبدولواسیع ئەلفاتیکی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر گوتی: هیرش کردنە سەر هەولێر هەوڵێکە بۆ لەباربردنی سەقامگیری سیاسی و ئەو گەشەسەندنە ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە، لەوەدا ئێران دەرهاوێشتەکانی شەری حەماس و ئیسرائیلی قۆستووەتەوە.

حکومەتی یەمەنی بە فەرمی سیاسەتەکانی ئێران و دەستوەردانی دووژمنکارانەی بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیری گەلان رەتکردووەتەوە، کە لەگەڵ پشێوییەکدا ئێران لایەکی دەبێت، هەر بۆیە یەمەنییەکان وای دەبینن کە پێویستە جیهان چیدیکە رێگەنەدات تاران وڵاتانی دیکە بکاتە گۆڕەپانی ململانێ و دەرفەتێک بۆ یەکلایکردنەوەی ئامانج و بەرنامەکانی خۆی.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".