بەشێك لە پلانەكانی ئانچیلۆتی بۆ یارییەكەی ئەمشەو ئاشكرا دەبێت

ریال مه‌درید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ بێلینگهام رووبەڕووی لاس پاڵماس دەبێتەوە، پێش یارییەكەش میدیایەكانی ئیسپانیا بەشێك لە پلانەكانی كارلۆ ئانچیلۆتی بۆ یارییەكەی ئەمشەو ئاشكرا دەكەن.
ئەمڕۆ شەممە، له گه‌ڕی 22ـی لالیگا كاتژمێر 18:15 به‌كاتی هه‌ولێر ریال مەدرید ده‌بێته میوانی لاس پاڵماس، خاوه‌ن به‌هێزترین هێڵی به‌رگری كە ریال مەدرید رووبەڕووی لاوازترین هێڵی هێرشبردن دەبێتەوە كە لاس پاڵماسە.
ریال مه‌درید به كۆكردنه‌وه‌ی 51 خاڵ خانه‌ی دووه‌می لالیگای گرتووه و خاڵێك له جیرۆنای پێشەنگ دووره، به‌ڵام شاهانه‌كان یارییه‌ك كه‌متریان ئه‌نجامداوه، لاس پاڵماسیش 31 خاڵی هه‌یه و له خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبەندی دێت. له‌م یارییه ریال مه‌درید جگه له كۆرتوا و میلیتاو و داڤید ئالابا كه پێكانی درێژخایەنیان هەیە، هاوكات به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارته زه‌رده‌كانی له تواناكانی جود بێلینگهامی گۆڵكاری لالیگا بێبه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام ئانچیلۆتی رایگه‌یاند شوێنه‌كه‌ی پڕ ده‌كه‌نه‌وه.
ئانچیلۆتی براهیم دیاز دەكاتە شوێنگرەوەی بێلینگهام
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی یانەی ریال مەدرید لە پرێس كۆنفرانسێك پێش یارییەكەی ئەمشەو رایگەیاند براهیم دیاز و خۆسێلۆ باشترین بژاردەن بۆ شوێنگرەوەی جود بێلینگهام.
ئانچیلۆتی گوتیشی: راسته بۆ ئەم یارییەبێلینگهام له‌گه‌ڵمان نابێت، به‌ڵام ئێمه براهیم دیازمان هه‌یه و ده‌شتوانین خۆسێلۆ یاریی پێبكه‌ین، هێشتا بڕیاری كۆتاییم نه‌داوه به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه وه‌كو چۆن له رابردوو شوێنی زۆر یاریزانی گرینگمان پڕ كردووه‌ته‌وه ئاواش له‌م یارییه شوێنی بێلینگهام پڕ ده‌كه‌ینه‌وه.
ئانچیلۆتی گوتیشی: به‌راستی نامه‌وێت قسه له‌باره‌ی قسه‌كانی خوان لاپۆرتا یان هه‌ر كه‌سێكی دیكه بكه‌م، ئه‌و گوتوویه‌تی ئه‌م خوله فێڵی تێدا ده‌كرێت، نه‌خێر من پێموانییه، یارییەكانمان لە مانگی داهاتوو زۆر گرینگە بۆ ئەوەی نازناوی لالیگا یەكلایی بكەینەوە.
ئانچیلۆتی دەشڵێت: به‌راستی بڕیاری وازهێنانی یۆرگن كلۆپ زۆر كتوپڕ بوو، به‌ڵام من لێی تێده‌گه‌م، ساڵانێكی دوور و درێژ كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌مان كه‌سه‌كان واده‌كات هیچ پاڵنه‌رێك نه‌مێنێت، من رێزی كلۆپ ده‌گرم، ئه‌و زۆر شتی گه‌وره‌ی بۆ لیڤه‌رپوول كرد، به دڵنیاییه‌وه له داهاتوو ده‌بێت به راهێنه‌ری تیپی دیكه و ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
راهێنەری لاس پاڵماس قسەی كۆتایی كرد
گارسیا راهێنەری یانەی لاس پاڵماس پێش یارییەكەی ریال مەدرید جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان ناتوانن بە ئاسانی ئازاری ریال مەدرید بدەن، دەشڵێت: ئێمە دەزانین رووبەڕووی چی ركابەرێكی سەرسەخت دەبینەوە، بەڵام ئەگەر بمانەوێـت ئەم یارییە ببەینەوە دەبێت كەمێك زیاتر كۆنترۆڵی تۆ بكەین، ئەمە تاكە رێگایە بۆ ئەوەی هیوای سەركەوتن بدۆزینەوە.
لاس پاڵماس له‌م وه‌رزه ته‌نیا 21 گۆڵی تۆمار كردووه و خاوه‌نی لاوازترین هێڵی هێرشبردنن، له به‌رامبه‌ردا ریال مه‌درید له‌م وه‌رزه تا ئێستا ته‌نیا 13 گۆڵی لێكراوه و خاوه‌ن به‌هێزترین ھێڵی به‌رگریه، له قۆناخی یه‌كه‌م ریال مه‌درید له سانتیاگۆ بێرنابیۆ به دوو گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له لاس پاڵماسی برده‌وه، به بردنه‌وه‌ش له‌م یارییه ریكۆردێك تۆمار ده‌كات و بۆ چواره‌مین یاریی له‌سه‌ریه‌ك له لالیگا لێیان ده‌باته‌وه.
بە گوێرەی رۆژنامەی ماركا، بۆ یارییەكەی ئەمشەو، ئانچیلۆتی بڕیاری داوە چوامینی لە دڵی بەرگری هاوشانی ناچۆ یاریی پێ بكات، پێشبینی دەكرێت پشوو بە رۆدیگێر بدرێت.
