گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەتەوە

K24 - هەولێر
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، لە دوێنێ هەینییەوە بە هەوڵەکانی تیمەکانی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای دانا غاز هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێکردووەتەوە.
وتیشی؛ ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە تەواوی وێستگە غازییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە کێڵگەی کۆرمۆر بەستراونەتەوە بەرهەمهێنانی کارەبای ئاسایی بووەتەوە و بەرهەمهینان لە وێستگەکان نزیکبووەتەوە لە چوار هەزار مێگاوات، وەک پێش هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی لێهاتووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، هێرشەکەی سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر، بووە هۆکاری پەکخستنی 100% هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگە غازییەکانی سلێمانی، هەولێرو بازیان، بەمەش وەزارەتی کارەبای بڕی زیاتر لە 2800 مێگاوات کارەبای لە دەستدا، ئەمەش وایکرد تۆڕی کارەبای نیشتمانی بکەوێتە ژێر کاریگەریی فشارێکی زۆر بۆ ئەوەی بڕی پێویستی کارەبا بە هاووڵاتییان بدرێتەوە.
ئومێد ئەحمەد وتیشی؛ خۆشبەختانە تا چاک کردنەوەی بەشە زیان پێکەوتووەکانی کێڵگەی کۆرمۆر، وێستگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە دوکان، دەربەندیخان بە تایبەتیش خورمەڵە هاوکارییەکی باشی وەزارەتی کارەبایان کردووە بۆ ئەوەی کورتهێنانی کارەبای نیشتیمانی تاڕادەیەکی باش پڕ بکەنەوە و فشارەکانی سەر تۆڕی کارەبا کەم بکەنەوە و کۆنترۆڵی دۆخەکەن بکرێت.
کاتژمێر 10:30ـی شەوی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، بە چەند کاتیۆشایەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی – غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. بەهۆی هێرشەکەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا.