ئێستا گەیشت.. عیماد محەمەد چاودێری ئەستێرەیەكی خولی كوردستان دەكات

عیماد محەمەد راهێنەری لاوانی هەڵبژاردەی عێراق
عیماد محەمەد راهێنەری لاوانی هەڵبژاردەی عێراق

هەڵگورد قەیس ئەستێرەی لاوی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە لایەن عیماد محەمەد راهێنەری لاوانی هەڵبژاردەی عێراق چاودێری دەكرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بانگهێشتی هەڵبژاردەكەی بكات.
هەڵگورد قەیس ناوەراستكاری یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە دوایین یاریی لە خولی نایابی كوردستان هاتریكی بەرامبەر یانەی هەندرێن كرد، وەرزی رابردووش نازناوی خولی نایابی لاوانی عێراقی لەگەڵ یانەی هەولێر بەدەستهێنا.
نەدیم كەریم سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند هەڵگورد قەیس سەرنجی عیماد محەمەد راهێنەری لاوانی هەڵبژاردەی عێراقی بۆخۆی راكێشاوە.
نەدیم كەریم لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ كوردستان24ـی گوتیشی: ئاگامان لەو یاریزانە هەیە، دەشزانین لە خولی نایابی كوردستان هاتریكی كردووە و ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات، هەڵبەت لە مێژە چاودێری ئاستی دەكەین، ئێستاش هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ كەمپێكی مەشقی لە توركیایە، دەرفەتی بانگهێشتكردنی هەڵگورد قەیس لەم كاتەدا نییە، بەڵام رەنگە لە داهاتوو یەكێك بێت لە یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق.

لە رێزەكانی ئێستای هەڵبژاردەی لاوانی عێراق 3 یاریزانی كورد دەبینرێت كە پێكهاتوون لە مستەفا قابیل، سیداد حاجی و بڕیار عەدنان، رەنگە هەڵگورد قەیس ببێتە چوارەمین یاریزانی كورد لەژێر سەرپەرشتی عیماد محەمەد یاریی بكات.

هەڵگورد قەیس یاریزانی لاوی یانەی پێشمەرگەی هەولێر
هەڵگورد قەیس یاریزانی لاوی یانەی پێشمەرگەی هەولێر
Fly Erbil Advertisment