4 یاریزانی یانەی هەولێر بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ژمارەی ئەو یاریزانانەی بایكۆتی مەشقەكانی یانەی هەولێریان كردووە زیاتربوون، شێركۆ كەریمیش هاتە ریزی ئەو یاریزانانەی بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە.
یانەی هەولێر پێش ئەوەی رۆژی دووشەممە بۆ دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر یانەكانی شورتە و جەوییە گەشتی بەغدا بكات 4 یاریزانی بایكۆتی مەقشەكانیان كردووە.
عەلی شاخەوان زیاتر لە هەفتەیەكە بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەكانی بایكۆتی مەشقەكانی كردووە، شێركۆ كەریمیش بەهەمان هۆكار دوو رۆژە بەشداریی لە مەشقەكانی هەولێر نەكردووە، لە راهێنانەكانی ئەمڕۆش محەمەد موحسین و حوسێن جولی نەبینران، بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 ئەو یاریزانانە ئامادەنین بگەڕێنەوە راهێنانەكان تاوەكو بەشی یەكەمی گرێبەستەكانیان وەرنەگرن.
لەبەرامبەردا كوردستان24 پەیوەندی بە ئەحمەد شوكر سەرپەرشتیاری تیپی خولی عێراقی یانەی هەولێر كرد، نێوبراو رایگەیاند ئەو یاریزانانە بەهۆی وەرنەگرتنی بەشی یەكەمی گرێبەستەكانیان بەشداریی مەشقەكانیان نەكردووە.
ئەحمەد شوكر بە كوردستان24 گوت: وەكو دەستەی كارگێری یانەی هەولێر بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانیان.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە كۆی 12 یاری تەنیا 3 یاریی بردووەتەوە و بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ لە خانەی پازدەیەمی ریزبەندی دەبینرێت، بەهۆی ئەنجامە خراپەكانیش عەباس عوبێد لە پۆستی راهێنەرایەتی دوورخرایەوە و حەیدەر عەبدولئەمیر شوێنی گرتووەتەوە.
