كاساس رەخنەی توند دەگرێت

خیسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق پێش یارییەكەی سبەی لە قۆناغی 16ـی جامی نەتەوەكانی ئاسیا رەخنە لەو كەسانە دەگرێت كە باسی چاوپێكەوتنە تەلەڤزیۆنەكەی دەكەن، دەشڵێت: هەركەسێك ئەو لێدوانە گەمژانانە بدات زیانی بۆ تۆپی پێی عێراق دەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 28 جەنیوەری 2024، لە پرێس كۆنفرانسێك لەبارەی یارییەكەی سبەیان بەرامبەر ئوردن، خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند ئەم یارییەمان وەکو هەر یارییەکی دیکەی پاڵەوانیەتییەکەیە، یارییەکی قورسە و ئوردنیش هەڵبژاردەیەکی ئاسان نییە، دەشڵێت: هیوادارین بەشێوازی خۆمان بەباشی یارییان بەرامبەر بکەین، ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر ئوردن، سوپاسی هاندەرانی عێراق دەکەم کە پاڵپشتی ئێمەن.
كاساس ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد بردنەوە لە یارییەکان ئاسان نییە، دەشڵێت: هەر هەڵەیەک بکەی دەچیتە دەرەوە، لە مۆندیال سعوودیە لە ئارجێنتینای بردەوە، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دەتوانیت هەر یارییەک ببەیەوە ئەگەر بە باشی کاری خۆت بکەیت.
كاساس هێمای بۆ ئەوەش كرد یاریزانەکان یەکەم کەسن دەزانن پێکهاتەکە چۆن دەبێت، هەمووانیش دەرفەتی بەشداریكردنیان لەو یارییە هەیە. دەشڵێت: هەوڵدەدەین کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەین و دەرفەتی گۆڵ برەخسێنین، ناشزانین لە یارییەکە چی چاوەڕێمان دەکات.
ئەو راهێنەرە ئیسپانییەی هەڵبژاردەی عێراق گوتیشی: لە دژی ژاپۆن ئێمە دەمانویست بە هێرشبەری یاریی بکەین، بەڵام ئەوانیش هەمان كاری ئێمەیان دەكرد و نیازیان وابوو بە پلانی هێرشبەری یاریی بكەین، بۆیە ئێمە بە ناچاری شێوازی یاریکردنمان گۆڕی و بەرگریمان کرد.
كاساس گەشبینی خۆشی بە ئاستی تیپەكەی پیشاندا و رایگەیاند متمانەی زۆری بە یاریزانەكان هەیە ئەوان لە 3 یاریی رابردوو سەلماندیان كرد دەتوانن كاری باش بكەن.
كاساس گوتیشی: بردنەوەی جامی ئاسیا کارێکی ئاسان نییە، چونكە هێشتا هەڵبژاردەی زۆر بەهێز بوونیان هەیە وەکو ژاپۆن و سعوودیە و کۆریا و قەتەر و ئوسترالیا، متمانەی زۆریش بەس نییە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، بۆیە ئەرکمان قورسە، بەڵام دڵخۆشم بە ئاستی تیپەکەمان لە پاڵەوانیەتییەکە، عێراقییەکانیش شانازیمان پێوە دەکەن، یارییەکەی سبەی زەحمەتە و پێموایە هەردوولا لە ئاستێکدان، ئوردن راهێنەرێکی بەتوانا و سێ گۆڵکاری مەترسیداری هەیە، ئێمەش خاڵی بەهێزمان هەیە، بەڵام ئەوانیش بە هەمان شێوە خاڵی بەهێزیان هەیە.
لە لایەكی دیكەیشەوە خیسۆس كاساس بە توڕەییەوە رایگەیاند گەمژانەیە هەندێک کەس لێدوانی نەرێنی بدەن سەبارەت بە ئامادەبوونم لە بەرنامەی "مەجلیس".
لەمبارەیەوە گوتی: بۆچی هەندێک کەس باسی چاوپێکەوتنەمیان نەکرد لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانیا و ماڵپەڕێکی دیکەی ئیسپانیا و بەرنامەیەکی دیکەی ئیماراتی. بەڵێ من بەشداریی ئەو بەرنامانەم كرد، بەڵام چی روویدا، سەرجەم یارییەکانمان لە قۆناغی کۆمەڵەکان بردەوە، بەڵام ئەگەر سبەی براوە نەبین دەڵێن کاساس لە بەرنامەیەک بەشداری کردووە و قسەی کردووە، ئەمانە لێدوانی زۆر گەمژانەن هەرکەسێک ئەم قسانە بکات زیانی بۆ عێراق دەبێت.