بەهرەمەندێکی ریاڵ مەدرید واژۆ بۆ ڤالێنسیا دەکات
لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەهرەمەندێکی نوێ ریزەکانی ریاڵ مەدرید جێدەهێڵێت لەپێناو دەستنیشانکردنی چارەنووسێکی نوێ لە کاروانی یاریکردنی.
بەپێی رۆژنامەی مارکای ئیسپانیا پیتەر یاریزانی لاوی ریاڵ مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان گرێبەست لەگەڵ یانەی ڤالێنسیا واژۆ دەکات، گرێبەستەکەش بە خواستن دەبێت تاکو کۆتایی ئەم وەرزە و خاڵێکیش لە گرێبەستەکە دەبێت و ڤالێنسیا دەتوانێت بەشێوەیەکی کۆتایی ئەم بەهرەمەندەی ریاڵ مەدرید بکڕێت.
رائول گۆنزالێز راهێنەری یانەی تیپی کاستیای ریاڵ مەدرید دووپاتیدەکاتەوە لەسەر ئەم گرێبەستە گەیشتوونەتە رێککەوتن و هیوادارە لە کاروانی نوێی یاریکردنی لەگەڵ لاوانی ڤالێنسیا بە ئاستێکی بەرز دەربکەوێت.
گۆنزالیز دەشڵێت ئەوکاتەی پیتەر دەگەڕێتەوە دەرفەتی یاریکردنی زیاتری پێدەدرێت و هیوادارە زیاتر پەرە بە تواناکانی بدات.
پیتەر گەرچی یاریزانی لاوانی ریاڵ مەدریدە بەڵام لە ساڵی 2022 لەگەڵ تیپی یەکەم لەژێر سەرکردایەتی کارلۆ ئانچێلۆتی بەشداری چەند یارییەکی کردووە، لە نێوانیاندا یارییەکەی ریاڵ مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو کە ئەوکاتە مێرەنگی توانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەکەی هەرێمی باسک بباتەوە.