ئوردن خەونی عێراقییەکانی هەر بە خەون هێشتەوە

هەڵبژاردەی ئوردن توانی بەشێوەیەكی دراماتیكی لە ماوەی 2 خولەك ریمۆنتادا بەسەر عێراق بكات و بگاتە چارەکی کۆتایی جامی نەتەوەكانی ئاسیا.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29 جەنیوەری 2024، لە یارییەکی زەحمەت و لە قۆناغێکی هەستیار هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن لە قۆناغی 16ـی جامی ئاسیا رووبەڕووی یەکتربوونەوە.
لە سەرەتادا هەڵبژاردەی ئوردن توانی باڵادەستی خۆی بسەلمێنێت و تاڕادەییەك لە عێراق باشتربوون، دواتر لە ئەنجامی هەڵەیەکی هێڵی بەرگری عێراق لە خولەکی 45 ئوردن توانی گۆڵی یەکەم لە رێگەی یەزەن نەعیمات تۆمار بکات و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو تاکە گۆڵە کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەم عێراق چەند گۆڕانکارییەکی کرد و توانی دوو گۆڵی یەك لە دوای یەك لە خولەکەکانی 68 و 76 لە رێگەی یاریزانان سەعد ناتق و ئەیمەن حوسێن تۆمار بکات، هەر دوو یاریزانەكەی عێراق كە گۆڵیان كرد بە هۆكاری جیاواز یاریگەیان جێهێشت.
بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانی ئەیمەن حوسێن ناوبژیوان کارتی سووری بە رووی یاریزانە عێراقییەکە بەرزکردەوە و لە یارییەکە بێبەشی کرد، پێش ئەم حاڵەتەش سەعدا ناتق دوای 2 خولەك بەسەر تێپەڕبوونی گۆڵەكەی بەهۆی پێكانەوە یاریگەی جێهێشت.
دواتر ئوردن جارێکی دیکە دەستی بەسەر یارییەکەدا گرت و لە خولەکی زیادکراو دوو گۆڵیان لە رێگەی یەزەن عەرەب و نزار رەشدان تۆمار بکەن و ریمۆنتادایان بەسەر دراوسێ عێراقییەكەیان دا كرد.
بەم دۆڕانە عێراق نەیتوانی قۆناغی 16 تێپەڕێنێت و خەونی عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی نازاناوی جامی ئاسیا هەر وەك خەون مایەوە و نەبووە راستی.
لە قۆناغی چارەکی کۆتایی هەڵبژاردەی ئوردن رووبەڕووی تاجیکستان دەبێتەوە، کە دووەمیان پێشتر لەسەر حسابی ئیمارات گەیشتبووە ئەم قۆناغە.
