كاساس پەیامێكی توند بۆ رۆژنامەنووسانی عێراق دەنێرێت

خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق هۆكاری شكستەكەیان لە جامی ئاسیا بۆ ناوبژیوان دەگەڕێنێتەوە، دەشڵێت: ئامانجی سەرەكی ئێمە گەیشتنە بە مۆندیالی 2026.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29 جەنیوەری 2024، لە قۆناغی 16ـی جامی نەتەوەكانی ئاسیا، هەڵبژاردەی ئوردن 3 ـ 2 لە عێراقی بردەوە و گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە، لەو یارییەدا ناوبژیوان ئەیمەن حوسێنی بە كارتی سوور دەركرد، بەهۆی ئەوەی لە كاتی گۆڵكردن لاسایی دابەونەریتێكی ئوردنی كردەوە.
لە دوای یارییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند ناوبژیوان سەركەوتنەكەیان لێ دزی، گوتیشی: ئەیمەن حوسێن هاوشێوەی یاریزانانی ئوردن ئاهەنگی گێرا، بەڵام ناوبژیوان بڕیارێكی بێویژدانانەی دا و یارییەكەی گۆڕی و سەركەوتنەكەی لێ دزین.
كاساس جەختی لەوەش كردەوە لە هیچ شوێنێكی دونیادا بەهۆی ئاهەنگگێڕانەوە یاریزانێك دەرناكرێت، گوتیشی: دڵنیام هەندێك كەس سوود لە ئەنجامەكەی ئەمڕۆی عێراق وەردەگرن بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر ئێمە و زیان بە گەلی عێراق بگەیەنن.
كاساس هێمای بۆ ئەوەش كرد دڵگرانە بەهۆی كاردانەوەی نەرێنی رۆژنامەنووسانی عێراقی، گوتیشی: من چاوەڕێی پاڵپشتیانم لێ دەكردن، نەك هێرش بكەنە سەرمان، دەركەوت كە ئەوان خۆیان ئامادە كرد بوو بۆ ئەوەی لە كاتی دۆڕان هێرش بكەنە سەرمان، ئەمەش لە بەرژەوەندی عێراقییەكان نییە و دەبێت لەوە تێبگەن عێراق بۆ داهاتوو ئامانجی گەورەتری هەیە.

