سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر: لە بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانی بەردەوام دەبین

K24 – هەولێر:
بایکۆتی کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هاووڵاتییان و کاسبکاران جێگرەوەی کاڵای ئێرانی لەبازاڕدا دەکڕن و دەفرۆشن، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێریش دەڵێت: لە بایکۆتکردن بەردەوامین و هەڵسەنگاندن بۆ داواکەی ئێرانیش دەکەین کە گوتبووی بایکۆتی کاڵای ئێرانی بشکێنن.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بایکۆتی کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوە، ئەگەرچی بەهۆی نرخە کەمەکەیەوە لەرابردوودا کاڵای ئێرانی خواستی لەسەر هەبووە، بەڵام لەدوای هێرشە مووشەکییەکە ئەو خواستە بۆ کاڵای ئێرانی وەکو رابردوو نییە و هاووڵاتیان نایکڕن.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژووری بازرگانی ئێران کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامداوە تێیدا داوایان کردووە هەرێمی کوردستان بایکۆتی کاڵایان نەکەن، بەڵام ئێمە لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین و هەڵسەگاندنیش بۆ داوەکەی ژووری بازرگانی ئێران دەکەین.
دوکاندارێکیش پێی وایە، کاڵای ئێرانی کواڵیتی نزمە و جێگرەوەی باشتری هەیە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات گوتی: "بەردەوام دەبین لە بایکۆتکردنی کاڵای ئێران هەر کڕیارێکیش داوای کاڵای ئێرانی بکات ئێمە جێگەرەوەکەی بۆ پێشنیار دەکەین".
لە دوای هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، وەکو یەکەم هەنگاو ژووری بازرگانی هەولێر داوای لە بازرگانان و هاووڵاتییان کرد بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن و جێگرەوەکانی بکڕن، لە بەرامبەریشدا ژووری بازرگانی ئێرانی لە رێگەی راگەیاندنەکانی وڵاتەکەیەوە داوای کردووە کە هەرێمی کوردستان بایکۆتی کاڵای ئێرانی بشکێنێت بەهۆی ئەو قەبارە بازرگانییە، چونکە ساڵی رابردوو تەنیا لە هەولێر ئاڵوگۆڕ و هەنداردەی وڵاتی ئێران بۆ هەولێر زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە، پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەو بایکۆتەوە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری ئێران بکەوێت.