ماری بووە یەكەمین ژن وەكو راهێنەر لە بۆندزلیگا دەربكەوێت

ماری لویس ئیتا خانمە راهێنەری یونیەن بەرلینی ئەڵمانیا
ماری لویس ئیتا خانمە راهێنەری یونیەن بەرلینی ئەڵمانیا

ماری لویس ئیتا ئەم هەفتەیە مێژووی تۆمار کرد، دوای ئەوەی بووە یەکەم ژن کە لە یارییەکی بۆندزلیگادا ئەركی ڕاهێنەرایەتی تیپی پیاوانی بگرێتە ئەستۆ.

ماری تەمەن 32 ساڵ، سەرەتای ئەم وەرزە وەک یاریدەدەری ڕاهێنەری یونیون بەرلین دەستنیشانکرا، چوارشەممەی رابردوو لە یاریی بایرن میونشن و یونیەن بەرلین، نیناد بیلیكای راهێنەری كرواتی یونیەن بەرلین بەكارتی سووركرایە دەرەوە و یانەكەش بە گۆڵێكی بێبەرامبەر دۆڕا.
نیناد بیلیكای راهێنەری یونیەن بەرلین سزای 3 یاری سڕكردنی بەسەردا سەپا، بەمەش كارگێری یانەكە ئەركی راهێنەرایەتی بە ماری لوس ئیتای یاریدەدەر بەخشی.
ماری لە یەكەمین یاریی كە شوێنی راهێنەری گرتەوە توانی سەركردایەتی بردنەوەی یونیەن بەرلین بكات و بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە دارمشتاتی بردەوە، بڕیارە ئەو خانمە وەكو راهێنەر لە دوو یاریی داهاتووی بۆندزلیگا بەرامبەر یانەكانی لایپزیگ و ماینز رۆڵی راهێنەر ببینێت، بەمەش دەبێتە یەكەمین ژن لە مێژوودا وەكو راهێنەر لە بۆندزلیگا دەربكەوێت.
 ماری ئیتا دوای ئەوەی وەكو راهێنەر یەكەمین سەركەوتنی بۆ یانەكەی بەدەستهێنا گوتی: ئەوەی پلانمان بۆ دانابوو یاریزانەكان جێبەجێیان كرد، زۆریش خۆشحاڵ بووم بەو ئاستەبەرزەی یاریزانەكان پێشكەشیان كرد، هیچ جیاوازییەك نابین لەڕووی كاركردن لە بواری راهێنەرایەتی لە نێوان پیاو و ژن، گرینگ كەسایەتی و كوالیتی و ئەزموونە لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە.
ماری پێشتر وەكو یاریزان لە تەمەنی 17 ساڵی توانی لەگەڵ یانەی تۆرباین پۆستدام نازناوی چامپیۆنزلیگی خانمانی 2010 بباتەوە، هاوكات وەكو یاریزان لەگەڵ یانەكەی رۆڵی لە بردنەوەی 3 نازناوی لەسەریەكی بۆندزلیگا هەبوو لە نێوان ساڵانی 2009 تا 2011.
ئیتا لە تەمەنی 26 ساڵیدا وازی لە یاریکردن هێنا و ڕوویكردە بواری راهێنەرایەتی، سەرەتا ئەركی راهێنەرایەتی تیپی لاوانی یانەی یونیەن بەرلینی وەرگرت، پاشان لە 2023 وەكو یاریدەدەری راهێنەری یونیەن بەرلین دەستبەكاربوو.

ماری لویس ئیتا خانمە راهێنەری یانەی یونیەن بەرلین
ماری لویس ئیتا خانمە راهێنەری یانەی یونیەن بەرلین
Fly Erbil Advertisment