ئاکرێ و چوارقوڕنە دوو یانەی جیاواز و هەمان سیناریۆ

ئەمڕۆ سێشەممە 30/1/2024 بە ئەنجامدانی چوار یاریی گەڕی حەڤدەی خولی نایابی کوردستان دەستی پێکرد، ئاکرێ و چوارقوڕنە ئەمجارەشیان لەگەڵ رکابەرەکانیان یەکسانبوون و هەریەكەیان چوار یارییە تامی سەركەوتنیان نەكردووە.
سەرەتا ئاکرێ دوای دوو بەرامبەربوونی لەسەر یەک لە یاریگای خۆی، ئەمجارەشیان هەر لە یاریگای خۆی و لە گەڕی 17ـی خولی نایابی کوردستان، میوانداری دەربەندیخانی کرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 لە بەرژەوەندی هەردوو یانە کۆتایی هات.
بەم ئەنجامە ئاکرێ بووە خاوەنی 29 خاڵ و بە شێوەیەکی کاتی، پێشەنگایەتی خولەکە بە شێروانە چۆڵکرد، لە بەرامبەردا دەربەندیخانیش بووە خاوەنی 25 خاڵ و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان دێت.
لە یارییەکی دیکەی ئەم گەڕەی خولی نایابی کوردستان، زاخۆ لە یاریگای خۆی میوانداری هەولێری کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2-1 لە میوانەکەی بردەوە. یانەکەی دەلال بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 25 خاڵ و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی مایەوە. لە بەرامبەردا هەولێر تووشی هەشتەم دۆڕانی ئەم وەرزە بوو.
ئاراراتیش لە یاریگای خۆی میوانداری شەقڵاوەی کرد و تووشی دۆڕانێکی چاوەڕواننەکرا بوو، کاتێک یارییەکەی بە ئەنجامی 0-1 بەرامبەر دراوسێکەی دۆڕاند.
ئارارات بەم ئەنجامە و بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ لە پلەی دەیەم مایەوە و رەنگە بە بردنەوەی هەندرێن بەرامبەر سۆران، پلەی دەیەمیش لەدەست بدات، هەرچی شەقڵاوەیە ئەو یانەیەش سێیەم بردنەوەی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا و کۆی خاڵەکانیش لە پلەی 15ـی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان گەیاندە 16 خاڵ.
لەلایەکی دیکەوە چوارقوڕنەش هاوشێوەی ئاکرێ نەیتوانی ئەم گەڕەش بردنەوە بەدەست بێنێت و لە یاریگای خۆی لەگەڵ سیروانی نوێ بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
چوارقوڕنە دوای بردنەوەکەی بەرامبەر زاخۆ لە گەڕی 13ـی خولی نایابی کوردستان، تامی هیچ بردنەوەیەکی دیکەی نەکردووە. ئەو یانەیە لەو کاتەوە چوار یاریی دیکەی کردووە و لەو چوار یارییەش بەرامبەر یانەکانی دەربەندیخان و ئاکرێ و هەروەها سیروانی نوێ یەکسانبووە و تامی بردنەوەی نەکردووە.


