چاڤی: ئێوە دەمكوژن بمكوژن من بیركردنەوەی خۆم ناگۆڕم

چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا دوای دۆڕانە مێژوویەکەی یاریی رابردوو بەرامبەر ڤیاریاڵ، ئەمجارەیان لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی 20ـی لالیگا میوانداریی ئۆساسۆنا دەکات، چاڤی هێرناندێز پێش یارییەكە دەڵێت: بشمكووژن من بیركردنەوەكانی خۆم ناگۆڕم.
بارسێلۆنا ئەمشەو کاتژمێر 21 بە کاتی هەولێر، لە یاریگای خۆی رووبەڕووی ئۆساسۆنا دەبێتەوە. بلاوگرانا یاریی رابردوو بەرامبەر ڤیاریاڵ، تووشی یەکێک لە قورسترین دۆڕانەکانی مێژوویی لە یاریگای خۆی بوو، کاتێک بەرامبەر ڤیاریاڵ، یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر پێنج گۆڵ دۆڕاند. هەر ئەمەش وایکرد دوای یارییەکە، چاڤی راهێنەری یانەکە، وازهێنانی خۆی لە کۆتایی ئەم وەرزە رابگەیەنێت و بە یەکجاریش واز لە راهێنەرایەتی یانەکەی دێنێت.
بارسێلۆنا لە دوایین 10 یاریی بەرامبەر ئۆساسۆنا، تەنها یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەو دۆڕانەش لە ساڵی 2020 لە یاریگای خۆی بووە، لە بەرامبەردا بارسا لە هەشت یاریی براوە بووە و هەردوو یانە لە دوو یاریی بەرامبەربوونە.
چاڤی پێیوایە رێزی لێ نەگیراوە
پێش یارییەکەی ئەمشەو چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەکە هەندێ گلەیی لە رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: وەکو پێویست رێز لە دەستکەوتەکانم نەگیراوە، لە كاتێكدا من هەمیشە یانەکەم لە پێشینەی کارەکانم داناوە تەنانەت لە پێشینەی ژیانی خۆشم.
چاڤی گوتیشی: من بیانوو ناهێنمەوە، هەمیشە هەوڵم داوە لە هەر بارودۆخێکدا باشترین ئاست پێشکەش بکەین، کاتێک دەڵێم بارسا لە قۆناغی چاکسازیدایە، ئێوەی میدیاکاران دەمکوژن بمکوژن! کاتێک دەڵێم ئەم تیپە تیپی ساڵی 2010 نییە، دیسان هەمان رەفتارم لەگەڵ دەکەن و خەریکی کوشتنی منن، هەست دەکەم ئێوەی میدیاکار هیچ رێزێک لە کارەکانم و دەستکەوتنەکانم ناگرن، ئێمە ساڵی رابردوو دوو ناسناومان بردووەتەوە.
چاڤی جەختی لەوەش كردەوە كە ماوەیەکی زۆرە بڕیاریداوە ئەم وەرزە كۆتایی وەرزی بێت لەگەڵ بارسێلۆنا وەکو راهێنەر، دەشڵێت: بەڵام کاتێک ئەو بڕیارەم ئاشکرا کرد، تووشی سەرسورمان بووم، لەبەر ئەوەی زۆر کەس پەیوەندیان پێوە کردم. هاندەرانی بارسێلۆنا پێویستیان بە جۆش و خرۆش هەیە بۆ وەرزی داهاتوو، من خۆم لە هەموو شتێک زیاتر وەکو هاندەرێکی بارسا بیردەکەمەوە، هەر بۆیە پێموایە بڕیارێکی دروستمداوە.
چاڤی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: بناغەیەكی زۆرباشم بۆ ئەو راهێنەرەی دوای خۆم دێت دروست كردووە، ئێستا بارسێلۆنا لە قۆناغی بوژاندنەوە و بنیاتنانەوەیە و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی جارانی.
چاڤی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2021 ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنای وەرگرت، لەگەڵ بارسێلۆنا سەرپەرشتی 122 یاریی كردووە، 76 بردنەوە، 2 یەكسان و 26 دۆڕانی هەیە، دوو نازناویشی لەگەڵ بارسا بەدەستهێناوە، لالیگا و جامی سووپەری ئیسپانیا.