"چیرۆكی كلیان ئێمباپێ كۆتایی دێت"

بە گوێرەی بەشێك لە میدیایەكانی فەرەنسا چارەنووسی كلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان یەكلایی بووەتەوە، تەنانەت بڕیارەكە لە قەتەر باسی لێوە كراوە، بەڵام هێشتا ئاشكرا نەكراوە، ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە پاریس یاریزانێكی بۆ شوێنگرەوەی ئێمباپێ دەستنیشان كردووە.
پێگەی RMCـی فەرەنسا لە راپۆرتە هەواڵێكدا ئاشكرای كردووە كلیان ئێمباپێ بڕیاریی كۆتایی داوە و هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریال مەدرید دەكات، تەنانەت حكوومەتی قەتەریش كە سپۆنسەری و خاوەنداریەتی یانە پاریسییەكە دەكەن ئەم بابەتەیان لە دەوحە یەكلایی كردووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕایاننەگەیاندووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، پێگەی تێلێفووتی فەرەنسا هێمای بۆ ئەوە كردووە پاریس سانجێرمان بۆ گواستنەوەی رافایل لیاوی هێرشبەری پۆرتوگالی ئەیسی میلان لەسەرهێڵە، دەیەوێت لە هاوینی داهاتوو لەگەڵ رۆیشتنی ئێمباپێ، راستەوخۆ لیاو بكاتە شوێنگرەوەی ئەو یاریزانە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیاش نووسیویەتی: پاریس هیچ هیوایەكی بۆ مانەوەی ئێمباپێ نەماوە، هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن ئەو یاریزانە لە كۆتایی ئەم وەرزە ڕوودەكاتە ریال مەدرید، ئێستا پاریس بەدوای شوێنگرەوەی ئەو یاریزانەدا دەگەڕێت.
فێلیكس دیاز رۆژنامەنووسی ئیسپانیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە پاریس سانجێرمان بە ناچاری رازی دەبێت لە كۆتایی ئەم وەرزە ئێمباپێ لە یانەكە بڕوات، چونكە ناتوانێت چیتر رێگە لە خواستەكانی ئەو یاریزانە بگرێت.
دیاز ئەوەشی نووسیوە: ئێمباپێ ئامادەیە لە بەشێك لە رێككەوتنە داراییەكانی لەگەڵ پاریس سانجێرمان خۆش بێت كە بڕەكەی دەگاتە 80 بۆ 90 ملیۆن یۆرۆ، تەنانەت ئێستا ئیدارەی یانەی ریال مەدرید زۆر دڵخۆش و گەشبینن و دڵنیان لە چەند رۆژی داهاتوو بابەتی ئێمباپێ لە بەرژەوەندی ریال مەدرید یەكلایی دەبێتەوە و كۆتایی بەو چیرۆكە دێت.
كلیان ئێمباپێ تەمەن 25 ساڵ، لە هاوینی 2018 لە یانەی مۆناكۆ بە بەهای 180 ملیۆن یۆرۆ روویكردە پاریس سانجێرمان، لەگەڵ ئەو یانەیە لە كۆی 287 یاری، 240 گۆڵ و 104 ئاسیستی كردووە.
