خولی نایابی كوردستان رۆژێكی ئاگرینی تێپەڕ كرد

لە گەڕی حەڤدەیەمی خولی نایابی كوردستان، پێشمەرگەی هەولێر تووشی شكست بوو، بەڵام شێروانە سوودمەندی ئەم هەفتەیە بوو، بە بردنەوەی لە برایەتی شوێنی خۆی لە لوتكەی خولەكە قایمتر كرد.
هەندرێن ـ سۆران
لە هەولێری پایتەخت هەندرێن لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی سۆرانی كرد، لە خولەكی 18 دیار عەلی ناسراو بە حەمكە بە ئاسیستی ئەمیر ئیسماعیل گۆڵی یەكەمی هەندرێنی كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی هەندرێن كۆتایی هات.
لە خولی 73ـی نیوەی دووەم، دیسان حەمكە دەركەوتەوە، ئەمجارەیان بە ئاسیستی ئیسماعیل خدر گۆڵی دووەمی هەندرێنی لە دژی سۆران كرد و یارییەكەش 2 گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی هەندرێن كۆتایی هات.
هەندرێن پێنجەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و بە 22 خاڵ بۆ خانەی هەشتەمی ریزبەندی سەركەوت، لە بەرامبەردا سۆران تووشی هەشتەمین شكست بوو، بە 17 خاڵ بۆ خانەی چواردەیەمی ریزبەندی دابەزی.
رانیە ـ دهۆك
دهۆك بۆ رووبەڕبوونەوەی رانیە سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینی كرد، لە خولەكی 29 دهۆك لە رێگەی تۆپێكی جێگیر كە لە لایەن رێباز رەحیم ئاراستەی نێو گۆڵی رانیە كرد و موقتەدا عەلی بە لێدانی سەر گۆڵی یەكەمی نوێنەرەكەی بادینانی تۆمار كرد و نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی دهۆك كۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، رانیە فشارەكانی بە ئامانجی یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە دەستپێكرد، لە خولەكی 56 رانیە لە رێگەی بەرگریكاری یانەكە ئارارم بابانی گۆڵی بەرامبەربوونی دژی دهۆك كرد، یارییەكەش بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
رانیە بە كۆكردنەوەی 21 خاڵ پلەی نۆیەمی گرتووە، لە بەرامبەردا یانەی دهۆك بە 18 خاڵ پلەی دوازدەیەمی گرتووە.
شێروانە ـ برایەتی
یانەی برایەتی شاری هەولێر بۆ رووبەڕبوونەوەی یانە كەلارییەكە سەردانی دەڤەری گەرمیانی كرد و بووە میوانی یانەی شێروانە، نیوەی یەكەم بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات.
پاشان لە خولەكی 73ـی نیوەی دووەم، بەمۆ غەریب بە لێدانی پێناڵتی گۆڵی یەكەمی شێروانەی لە دژی برایەتی كرد، یارییەكەش بەو تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی یانە كەلارییەكە كۆتایی هات.
شێروانە نۆیەمین سەركەوتنی تۆمار كرد، بە 31 خاڵ شوێنی خۆی لە پێشەنگی خولەكە پتەوتر كرد، لە بەرامبەردا برایەتی تووشی شەشەمین شكست بوو، بە 21 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندی دەبینرێت.
سەیدسادق ـ پێشمەرگەی هەولێر
پێشمەرگەی هەولێر رێگەیەكی دوور و درێژی بۆ رووبەڕبوونەوەی سەیدسادق بڕی و گەشتی شارەزووری كرد، لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن.
دواتر لە خولەكی 66ـی نیوەی دووەم سوهەیب تەها گۆڵی یەكەم و سەركەوتنی سەیدسادقی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر تۆمار كرد.
یانەی سەیدسادق چوارەمین سەركەوتنی لە خولەكە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی دێت، لە بەرامبەردا پێشمەرگە تووشی چوارەمین دۆڕان هات، بە 25 خاڵ بۆ خانەی پێنجەمی ریزبەندی دابەزی.


