لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق داواده‌كات نەوت بە دۆلار نەفرۆشرێت

لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق داواده‌كات نەوت بە دۆلار نەفرۆشرێت (وێنە: AFP)
لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق داواده‌كات نەوت بە دۆلار نەفرۆشرێت (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق داواده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا نه‌وت به‌ دراوی دیكه‌ بفرۆشرێت نەک بە دۆلار.

لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایكردووه‌، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزاکانی بەسەر بانکەکانی عێراقدا؛ بیانووی سپیکردنەوەی پارە به‌كاردێنێت، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانی هەیە تا کۆتایی بەم بڕیارە تاكلایه‌نه‌ بهێنرێت.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەپاندنی سزا بەسەر بانکەکانی عێراق دەبێتە هۆی تێکدان و ئاستەنگ بۆ ئەو هەنگاوانەی له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ گیراونەتەبەر بۆ رێکخستنی سەقامگیری نرخی دۆلار".

لیژنه‌ی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، بۆ ده‌ربازكردنی قوتی هاووڵاتییان له‌و سزایانه‌، داوا له‌ حكومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی عێراق دەکات، رێوشوێنی په‌له‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ هه‌ژموونی دۆلار بگرنەبەر و کار بۆ هه‌مه‌جۆركردنی دراوه‌ بیانییه‌كان بكه‌ن، له‌وانه پێشنیاز ده‌كات‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌دراوه‌كانی دیكه‌ بێت نه‌ك ته‌نها دۆلار.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 29-01-2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هەر یەکە لە بانکی هودای عێراقی و حەمەد یاسر موسەوی کە خاوەنی بانکەکەیە؛ خستە لیستی سزاکانییەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەوەی خستبووەڕوو، ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمەریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق کردووە بۆیە سزایان داوە.