شێركۆ كەریم: چەندانجار لە داخان خەریك بووە مۆبایلەكەم بشكێنم

شێركۆ كەریم كاپتنی یانەی هەولێر
شێركۆ كەریم كاپتنی یانەی هەولێر

شێركۆ كەریم كاپتنی یانەی هەولێر لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتی كوردستان24 ئاشكرای كرد لەگەڵ یانەی زاخۆ لە گفتووگۆی سەرەتایی دایە، دەشڵێت: ناتوانم بەو دۆخە لە یانەی هەولێر بەردەوام بم.
شێركۆ كەریم ئەستێرەی یانەی هەولێر هەفتەیەكە بایكۆتی مەشقەكانی یانەی هەولێری كردووە و هاوشانی شاندی یانەكەش گەشتی بەغدی نەكردووە و هەر لە هەولێر ماوەتەوە و رۆژانە بە تەنیا مەشق و راهێنانەكانی دەكات.
شێركۆ كەریم لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند هەموو هەوڵێكی ئەو بۆ باشتركردنی كێشەكانی یانەی هەولێر بووە، دەشڵێت: من كاپتنی تیپەكەم، زۆربەی یاریزانەكان كێشە و دەردەدڵییەكانی خۆیان بۆ من باس دەكەن، فشارێكی زۆرم لەسەرە، هیچ گرەنتی و دڵنیاییەكیش نییە بۆ ئەوەی شایستە داراییەكانی یاریزانەكان بدرێت، بەداخەوە خەریكە پیشەكەی خۆم لەبیربچێتەوە.
شێركۆ گوتیشی: بەداخەوە خەریكە لە كارەكەی خۆم كە یاریكردن و راهێنانە لادەدەم و سەرقاڵ دەبم بە كۆمەڵێك كێشەی تر، بۆیە ئەگەر یانەی هەولێر جێبهێڵم تەنیا بەهۆی ئەو كێشانەیە كە ئێستا لە یانەكە بوونی هەیە و لەوە زیاتر بەرگەی ناگرم.
شێركۆ كەریم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رایگەیاند چەندان یانەی گەورە بۆ گواستنەوەی لەسەرهێڵن، دەشڵێت: شوڕتە و جەوییە و زۆربەی یانە باشەكان پەیوەندییان پێوەكردووم، بەڵام تا دوایین سات ئامانجی من مانەوە بووە لە یانەی هەولێر، ئەم یانەیە ماڵی منە، بەڵام بەداخەوە لە هەولێر دۆخێكی ناجێگیر هەیە و كاریگەری لەسەر داهاتوو و ژیانی من هەیە، تەنانەت ئەوەندە پەیوەندیم بۆ هاتووە خەریك بووە لە داخان مۆبایلەكەم بشكێنم.
شێركۆ كەریم گوتیشی: من هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەم، یانەی هەولێرم خۆشدەوێت، ئەگەر بیرم لە پارە كردبووایەوە دەچووم وەكو حوسێن جولی و محەمەد موحسین سكاڵام تۆمار دەكرد، داواكاری من پارە نەبووە، تەنیا داوام كردووە كێشەی یاریزانەكان چارەسەر بكەن و پارێزگاری لە یاریزانە باشەكان بكەن من هیچ كێشەم نییە.
لەبارەی یانەی زاخۆ، شێركۆ كەریم نەیشاردەوە كە لەگەڵ ئەو یانەیە لە گفتووگۆی سەرەتایی دایە، دەشڵێت: هاندەرانی یانەی زاخۆم زۆر خۆشدەوێت، تەنانەت ئیدارەی یانەكەش زۆر پاڵپشتی منیان كرد لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق.
شێركۆ گوتیشی: ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوو كێشەكان چارەسەر نەكرێن لەبارەی یانەی زاخۆ بڕیاری كۆتایی دەدەم.
شێركۆ كەریمی تەمەن 27 ساڵ، لە 2011 لە یانەی كەركووكەوە روویكردە شوڕتە، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی گرازشۆپەرز و ڤادوزو و زیورخی سویسری كردووە، لە خولی نەمساش یاریی كردووە، پێش ئەوەی سەرەتای ساڵی رابردوو رووبكاتە یانەی هەولێر یاریی بۆ یانەی كوێتی كوێتی دەكرد. ئەو ئەستێرە كوردە وەرزی رابردوو 7 گۆڵی بۆ یانەكەی قەڵاومنارە كرد و ئەم وەرزەش خاوەنی 3 گۆڵە.

 

Fly Erbil Advertisment