ئەندامێكی پێشووی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی: راگەیاندنی یەكێتی رێنمایی لە رێكخەری گۆڕان وەردەگرێ
"ھۆكاریی ئیفلیج بوونی راگەیاندنی یەكێتی باڵی دەستڕۆیشتووە"
K24 – ھەولێر
فەرید زامدار نووسەر و رۆژنامەنووس و ئەندامی پێشووی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند، ئۆرگانەكانی راگەیاندنی یەكێتی رێنمایی لە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وەردەگرن، ئەوەشی خستەڕوو ھۆكاریی ئیفلیج بوونی راگەیاندنی یەكێتی باڵی دەستڕۆیشتووی ناو ئەو حزبەیە.
گوتیشی: "لە دوای رێككەوتنەكە یەكەم كۆبوونەوەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی بوو، ئێستاش رێنمایی رێكخەری گۆڕان وەردەگرن، كە ئەمە ناكۆكە لەگەڵ ھەموو پڕەنسیپی سیاسی و حزبی، دەبوایە كەسێك وەك لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن دیاربكەن یان راستەوخۆ لیپرسراوی مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتی كردبایە".
باسی لەوەشكرد: "زیاتر لە ساڵێكە كەس وەك لێپرسراوی مەكەبی راگەیاندنی یەكێتی دیار نەكراوە، ھۆكاری ئیفلج بوونی راگەیاندنی یەكێتی روونە باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی حەزی نەدەكرد راگەیاندن چیتر بەرەوپێشەوە بڕوات، لەبەر ئەوە فشارێكی زۆركاریە لەسەر كاك ئازاد جوندیانی، بۆ ئەوەی بە ناچاری دەستلەكاربكێشێتەوە".
فەرید زامدار ئەوەشی خستەڕوو: "راگەیاندنی یەكێتی ھیچی بەسەر ھیچەوە نەماوە و چوەتە ژێر كاریگەری راگەیاندنی گۆڕانەوە و سنووری ھەولێریان پشتگوێخستووە، ئێستا نەسریەی مانگانەی لقی ھەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بەتەوەتی بڕاوە و راگەیاندنكارەكانی یەكێتی ھەریەكە و بەلایەكەوەچوو لە دەزگاكانی دیكە كاردەكەن".