ئەیمەن حوسێن لە پێشەنگی گۆڵکارانی جامی ئاسیایە
یارییەکانی چارەکی کۆتایی جامی ئاسیا کۆتاییان هات و چوار هەڵبژاردە گەیشتنییان بە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە مسۆگەر کرد.
لە چارەکی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا هەڵبژاردەکانی ئوسترالیا، ژاپۆن، تاجیکستان و ئۆزباکیستان دۆڕان، هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی کۆریای باشوور، ئوردن، ئێران و قەتەریش سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و گەیشتنە قۆناغی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023.
بڕیاریشە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو یارییەکانی قۆناغی پێش کۆتایی بەڕێوەبچن، ئوردن رووبەڕووی کۆریای باشوور دەبێتەوە و قەتەری میوانداری پاڵەوانیەتییەکەش بەرامبەر ئێران یاریی دەکات.
گەرچی هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناغی 16 ـەوە ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتی جامی ئاسیا کرد، بەڵام ئەیمەن حوسێن گۆڵکاری ئەم هەڵبژاردەیە هێشتا پێشەنگی گۆڵکارانی پاڵەوانیەتییەکەی گرتووە.
ریزبەندی گۆڵکارانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا:
• ئەیمە حوسێن / عێراق 6 گۆڵ
• ئەکرەم عەفیف / قەتەر 4 گۆڵ
• ئایاسی یودا / ژاپۆن 4 گۆڵ
• سۆن / کۆریای باشوور 3 گۆڵ
• لی کانگ / کۆریای باشوور 3 گۆڵ
• مەهدی تارمی / ئێران 3 گۆڵ