دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

K24 - هەولێر
دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا بووەتە رۆژەڤێکی گەرم و بەشێک لە ئابووریناسان پێیانوایە حکومەتی تورکیا دەستبەرداری سیاسەتی زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی دەبێت. بەشێکیش پێیان وایە حکومەت ناچارە لەسەر بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بەردەوام بێت.
حافیزە گەیە ئەرکان، دوای حەوت مانگ دەستبەکاربوون وەکو سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا، دەستیلەکاركێشایەوە؛ بەڵام ئەم بڕیارە لە ڕۆژنامەی فەرمی حکومەتی تورکیادا، بە پێچەوانەی لێدوانەکەی حافیزە ئەرکان بڵاوکرایەوە و حکومەت گوتی، لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. ئابووریناسانی تورکیا دەڵێن بڕیاری دوورخستنەوەی ئەرکان سیاسییە و حکومەتی ئاک پارتی سیاسەتی زیادکردنی ڕێژەی سوود بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان گۆڕیوە.
ئابووریناس پڕۆفیسۆر. د. ئیزەتین ئۆندەر دەڵێت، "وەبەرهێنەرانی بیانی پارەکانیان نەهێنا ناو تورکیا تا حکومەت ڕێژەی سوودی بەرز نەکردەوە، بەڵام کاتێک ڕێژەی سوود بەرزکرایەوە، هەژاری لە وڵاتدا زیادی کرد. حکومەت دوودڵ بوو و وتی: ئێمە لە هەڵبژاردندا سەربکەوین یان پارە لە دەرەوە پەیدابکەین؟ بەو پێیەی حکومەت نەیتوانی خۆی لەم دوودڵییە ڕزگار بکات، ناچار بوو بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت".
بەڵام هەندێک لە ئابووریناسانی دیکە لەو بۆچوونەدان کە هەرچەندە سیاسەتی ئابووری حکومەت ڕوون نییە، ناچارە درێژە بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود بدات و ئیدارەی نوێی بانکی ناوەندیش پابەند بێت بەو سیاسەتەوە؛ بەڵام گەورەترین دیاریکەری سیاسەتی ئابووری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت و حکومەت لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامانە پلانی ئابووری خۆی دیاری دەکات.
پڕۆفیسۆر د. ئیرۆل کاتیرچیۆئۆغڵو ئاماژە بەوە دەدات، "باوەڕ ناکەم بازاڕ چاوەڕوانی شتێکی زۆر گرنگ بێت، پێموایە ئیدارەی نوێی بانکی ناوەندی تورکیا لەسەر سیاسەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود بەردەوام دەبێت. بەڵام دوای ئەم بڕیارە، ڕۆژی دووشەممە، لیرەی تورکی بەهای خۆی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە ڕێژەیەکی دیاریکراو لەدەست دەدات".
لە ماوەی 22 ساڵدا، هەشت جار پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی گۆڕدراون، پێنجیان لە پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕاون.