هەولێر سكاڵا لەسەر دوو یاریزانی تۆمار دەكات

مه‌شق و راهێنانه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ئه‌نتالیای توركیا - 2023
مه‌شق و راهێنانه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ئه‌نتالیای توركیا - 2023

گوتەبێژی یانەی هەولێر لە رێگەی كوردستان24ـەوە رایدەگەیەنێت سكاڵا لەسەر دوو یاریزانی یانەكەیان تۆمار دەكەن، دەشڵێت: لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوو چارەنووسی سەرهەنگ موحسین یەكلایی دەكەینەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، 4 شووباتی 2024، ئیبراهیم قادر گوتەبێژی یانەی هەولێر بە كوردستان24ـی راگەیاند مانەوەی شێركۆ كەریم یەكلایی بووەتەوە، دەشڵێت: بە فەرمی گرێبەستمان لەگەڵ 3 یاریزان واژۆ كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا مافی دەستبەكاربوونیان نەگەیشتووەتە كارگێری یانەكەمان بۆیە راماننەگەیاندووە كە تێیدا هیلیۆ مۆنتیرۆی بەرگریكاری بەرازیلی لە یانەی تەڵەبەوە و یاسر سەلام لە یانەی نەجەفەوە سەرلەنوێ گەڕاونەتەوە هەولێر، لەگەڵ عەلا خەلیلی گۆڵپارێز لە ئەمانەی بەغداوە پەیوەندی بە هەولێر كردووە.
ئیبراهیم قادر لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: لەگەڵ سەرهەنگ موحسینیش لە گفتوگۆداین، رەنگە ئەم بابەتەش لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتوو یەكلایی بكرێتەوە، دەشڵێت: لەگەڵ عەلی شاخەوان و محەمەد موحسین لەسەرهێڵین بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی هەولێر بكەنەوە.
گوتەبێژەكەی یانەی هەولێر جەختی لەوەش كردەوە كە بە فەرمی سكاڵا لەسەر لویس ئیدواری كۆلۆمبی و حوسێن جولی تۆمار دەكەن، چونكە بەبێ رەزامەندی و مافی دەستبەرداربوونییان یانەكەیان جێهێشتووە.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە كۆی 12 یاری تەنیا 3 یاریی بردووەتەوە و بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ لە خانەی پازدەیەمی ریزبەندی دەبینرێت، حەیدەر عەبدولئەمیر راهێنەری نوێی یانەكە لە دوو یاریی دۆستانەی رابردوویان بەرامبەر یانەكانی شوڕتە و جەوییە دۆڕاون، ئەو راهێنەرە لە چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی خولەكەیە بۆ ئەوەی یەكەمین یاریی فەرمی وەكو راهێنەری یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەكانی عێراق سەرپەرشتی بكات.

 

Fly Erbil Advertisment