سه‌رۆكی هه‌رێم و باڵيۆزى فينله‌ندا له به‌غدا، دۆخى ئه‌منيى عێراق و ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان تاووتوێكرد

K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێم و باڵيۆزى فينله‌ندا له به‌غدا، دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و هه‌روه‌ها ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان تاووتوێكرد و پشتگیری فینله‌ندا له هه‌رێمی كوردستان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریش به‌رز نرخێندرا.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ (يه‌كشه‌ممه 2024/2/4) نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ئان‌و سارێلا باڵيۆزى فينله‌ندا له عێراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له خواستى دوولايه‌نه بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى فينله‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له بواره جياكاندا كرده‌وه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.
نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌شداريى فينله‌ندا له هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا ده‌ربڕى و ستايشى پشتگيريى فينله‌نداى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به ڕۆڵى هێزه‌كانى فينله‌دا كرد كه هێشتا له هه‌رێمى كوردستان، له ئه‌ركدان.
كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له ئۆكراينا و دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له غه‌ززه و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
